مەسعود بارزانی لەریفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ هەڕەشەی دوو ئیدارەیی

کوردستان

25/09/2019‌ 9121 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دواین پەیمامی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات بۆ یەكێتی نیشتمانی ئەوە بووە، كە وتوویەتی: "دۆخەكە ئەوەیە قبووڵی دەكەن بیكەن، قبووڵی ناكەن ئێمە لەماڵی خۆمان‌و ئەوانیش لەماڵی خۆیان".

ئەو پەیامەی مەسعود بارزانی لەدوای رووداوی رێگری لەچوونی مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی بوو بۆ شاری هەولێر، دوای ئەوەی لەسەر ئەو رووداوە كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نامەیەكی ئاراستە كردبوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، مەسعود بارزانی لەرێگەی سیداد بارزانی نوێنەری ئەو پەیامەی گەیاندووەتەوە بە بەرپرسانی یەكێتی، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بەوەی باكی نییە لەوەی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی.

هەر بەپێی زانیارییەكان، مەسعود بارزانی جگە لەو پەیامە زارەكییە، ئامادەنەبووە، وەڵامی نامەكەی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی‌و ناڕەزاییەكانی ئەو حیزبە لەسەر رووداوی رێگری لەمەحمود سەنگاوی بداتەوە.

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لەبازگەی نازەنین لەسەر رێگەی سماقۆڵی رێگری لەمەحمود سەنگاوی كرا بچێتە هەولێر، كە بڕیاربوو كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی لەو شارە بكرێت‌و ناوبراویش بەشداری تێدا بكات.

پەیامەكەی مەسعود بارزانی‌و بێ‌ باكی لەگەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی لەكاتێكدایە، دوو ساڵ پێش ئێستاو لەرۆژی 25ی ئەیلووی 2017 مەسعود بارزانی سەرپەرشتی پرۆسەی بەرێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەهەرێمی كوردستان دەكردو باسی لەوە دەكرد، لەگەڵ عێراق دەبنە "دوو دراوسێی باش".

وەڵامنەدانەوەی بارزانی بۆ نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ نیگەرانی زۆری لەلای یەكێتی نیشتمانی دروست كرد، بەو هۆیەشەوە مەكتەبی سیاسی پارتی هاتنە سەر هێڵ‌و جگە لەوەڵامدانەوەی نامەكە، شاندێكیان ناردە مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.

ئێوارەی رۆژی دوو شەممە شاندێكی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی  كۆبوونەوە، كە بەپێی زانیارییەكان، كۆبوونەوەكە لەكەشوهەوایەكی زۆر ساردو سڕ بەڕێوەچووەو وەك كۆبونەوەكانی ڕابردوو موجامەلە و قسەی خۆشیان پێكەوە نەكردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كە شارپرێس لەسەرچاوەیەكی ناو كۆبوونەوەكە دەستیكەوتووە، سەرەڕای ئەوەی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و سەرۆكایەتی شاندی حیزبەكەی بووە، بەڵام كەمترین قسەی كردووە و زۆرترین قسە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی كردووە.
 
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، دوای كۆبوونەوەكە هۆشیار زێباری ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بردووەتەوە.

یەكێتی بۆ دانانی سنوورێك بۆ سەرۆكی حكومەت‌و جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەكەی نێوانیان لەگەڵ پارتی ‌و جێبەجێكردنی وەك خۆی‌و تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەكەو دیاریكردنی جێگری سەرۆكی حكومەت مۆڵەتیان داناوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكی زۆرە كێشە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەیان‌و چەند پرسێكی تریش هەیەو بەم دوایانەش بەهۆی رێگری لەمەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەچوونی بۆ هەولێر كێشەكانی هەردوو حیزب زیاتر بوون.

ئەو ناكۆییانەی نێوان پارتی‌و یەكێتی بەردەوام وەك كارتێكی هەڕەشە بووە لەدەستیان بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی، كە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو بەهۆی شەڕی ناوخۆوە دروست بوو بوو.

پارتی زۆرجار یەكێتی بەوە تۆمەتباردەكات، كە دەیەوێت بگەڕتەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی، بەڵام ئەم بێباكییەی ئەم دواییەی مەسعود بارزانیش سەلمێنەری ئەوەیە، پارتیش هیچ كێشەی نییە لەگەڕانەوەی بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی، كە ئەوەش پێچەوانەی ئەو بانگەشانەیە بۆ سەربەخۆیی لەلایەن هەردوو حیزب، بەتایبەت پارتییەوە دەكرێت.

هـ ـ ح