مەرجی نوێی هەولێر بۆ رادەستكردنی نەوت بە بەغدا

عیراق

25/09/2019‌ 11577 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەسەن ئاڵی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مەرجێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ئاشكرا كردووە بۆ دانوستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق و چارەسەركردنی دۆسیە هەڵواسراوەكانی نێوانیان .

بەقسی حەسەن ئاڵی، قەبارەی موچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ٨ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار، كە سەرجەمی ئەو پارەیە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بیداتەوە، بەڵام هەرێم لە دانوستانەكانیدا مەرجی ئەوەی داناوە ئەگەر بەغدا دەیەوێت كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان چارەسە بكرێت ئەوە دەبێت دان بەو بڕە پارەیە لەئەستۆ بگرێت .

هەر بەقسەی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی، لەو ساڵانەی حكومەتی فیدراڵ پشكی هەرێمی كوردستانی لە بودجە بڕی، حكومەتی هەرێم ناچار بوو موچەی فەرمانبەران پاشەكەوت بكات و زیاتر لە ٨ ملیار دۆلاری ئەو موچە پاشەكەوتكراوانە لەئەستۆی حكومەتی هەرێم كەڵەكە ببێت، بەڵام ئێستا دەیەوێت بیخاتە ئەستۆی حكومەتی عێراق.

ئاڵی باسی لەوەش كردووە، كە حكومەتی هەرێم پابەندە بەوەی ئەو قەرزەی لەئەستۆیەتی بداتەوە بە فەرمانبەران، بۆیە ئەوە پاڵیپێوەناوە لەدانوستانەكانیدا ئەو مەرجە بۆ بەغدا دابنێت.

پیشتر حەسەن ئاڵی سەبارەت بە پشتی پەردەی دانوستانەكانی ئەمدواییەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لەسەر دۆسیەی نەوت و دۆسیە هەڵواسراوەكانی تر  رایگەیاندبوو، حكومەتی هەرێم بەڵێنی ئەوەیداوە، كە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆی عێراق بكات و داهاتی دەروازە سنوورییەكانی بداتەوە بە بەغدا بەو مەرجی بەغدا سەرجەم ئەو قەرزەی لەئەستۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە برەكەی ٢٤ ملیار دۆلارە بداتەوە ، كە  قەرزی ئەو كۆمپانیا نەوتیانەیە لەهەرێمی كوردستان كار دەكەن و لەكاتی برینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە لێیان وەرگیراوە .

ساڵی 2014 بەهۆی كێشەكانی نێوانیان حكومەتی عێراق بودجەی حكومەتی هەرێمی بڕی‌و ئەوەش هەولێری تووشی قەیرانێكی دارایی گەورە كرد.

هـ ـ ح