لەناو پەرلەمانى عێراقەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی پشکی هەرێم لە بودجەدا دەکرێت

عیراق

26/09/2019‌ 1903 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ناڕەزاییەتیەکانى بەشێک لە پەرلەمانتارانى لیستە جیاوازەکانى پەرلەمانى عێراق بەردەوامە لەسەر رادەست نەکردنى نەوت لەلایەن هەرێم و رەوانە کردنى موچەى فەرمانبەران لەلایەن سەرۆک وەزیرانى عیراقەوە.

عەبدولهادی سەعداوی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت ئاراستەیەکی پەرلەمانی هەیە بۆئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٠ نەمێنێت .
سەعداوی لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، حکومەتی هەرێم پابەندی هیچکام لەو ڕێکەوتنانە نەبووە کە لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆ کراون، نزیکەی ١٠٥ ملیار دۆلاریش لەئەستۆی حکوومەتی هەرێمدایە.
بە وتەی سەعداوی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٠٤ وە هیچ داهاتێکی رەوانەی بەغدا نەکردۆتەوە و بەغدا هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر داهاتەکانی هەرێمدا نییە .
پێشتریش سالم تەحمیر توفەیلی پەرلەمانتاری رەوتی حیکمەی نیشتیمانی کە عەممار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پەرلەمان بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ پەسەند ناکات مادام ژمارەکانی پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ورد نین و هیچ شەفافییەتێکیان تێدا نییە .
توفەیلی لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە، هەردوو حکوومەتی بەغدا و هەرێم لەسەریان پێویستە لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راستییەکان بەخەڵکی عێراق بڵێن و ئەوە روون بکەنەوە کە بەغدا چەند برە پارەی رەوانەی هەرێم کردووە لەکاتێکدا هەرێم هیچ برە نەوتێکی رادەستی بەغدا نەکردووە".
پەرلەمانتارەکەی رەوتی حیکمە پێیوایە بەهۆی نەبوونی شەفافییەت لە مامەڵەی نێوان هەرێم و بەغدا ، بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ ناکۆکی زۆری تێدا دەبێت و زۆر بەزەحمەتیش پەسەند دەکرێت .

وەرگێران: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی