دوای ئێس-٤٠٠.. روسیا و توركیا بەدوای گرێبەستێكی نوێی سەربازییەوەن

جیهان

28/09/2019‌ 953 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتە میدیاییەكانی روسیا باس لەوە دەكەن مۆسكۆ بەدوای گرێبەستێكدا دەگەڕێت بۆ فرۆشتنی فرۆكەی "سو-٣٥" و فرۆكەی شەبەحی  "سو-٥٧"ی بە توركیا ، ئەو هەنگاوەش ئەگەر بنرێت ئەوە ئاستی گرژییەكانی نێوان توركیا و وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر دەكات .

لەم دواییە روسیا دەستیكرد بە رەوانەكردنی پارچەكانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠" بۆ توركیا، بەجۆرێك ئەو هەنگاوە كاریگەری كردە سەر پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ وڵاتانی تری ئەندام لە هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و واشنتۆنیش بڕیاریدا ئەنقەرە لە بەرنامەی دروستكردنی فرۆكەی شەبەحی "ئێف-٣٥" دووربخاتەوە، كە توركیا پلانی هەبوو زیاتر لە ١٠٠ فرۆكە لەو فرۆكەیە بكڕێت .

دیمیتری شۆگاییڤ سەرۆكی خزمەتگوزاری فیدراڵی بۆ هەماهەنگی سەربازی تەكنیكی دەڵێت: توركیا زۆر گرنگی بەو جۆرە فرۆكە روسیانە دەدات ، بەڵام جارێ زووە باس لە دانوستانی تایبەت بە واژووكردنی گرێبەستی ئەو فرۆكانە بكەین ، لەبەر ئەوەی هێشتا داواكاری فەرمی لەلایەن توركیا بەدەست روسیا نەگەیشتووە.

لەمدواییە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا چاوی بە ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا كەوت و لەدیدارەكانیاندا كۆمەڵێك دۆسیەیان باس كردووە لەسەروو هەموویانەوە دۆسیەی تایبەت بە رەوشی باكووری سوریا، كە ئەو جۆرە دیدارانە جێگای نیگەرانی واشنتۆن و هاوپەیمانی ناتۆیە، بەتایبەتی توركیا لەكڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠" تووشی زۆر ئاستەنگ بۆوە .

لە ناوەراستی مانگی یۆلیۆی رابردووش، واشنتۆن بەهۆی ترسی لە سیخوڕیكردنی روسیا لە لەڕێگای سیستەمی موشەكی "ئێس-٤٠٠" وە، بڕیاریدا توركیا لە بەرنامەی بەرهەمهێنانی فرۆكەی "ئیف-٣٥" دووربخاتەوە .

بەڵام لەم دواییە مەولوود چاویش ئۆغڵو لەلێدوانێكدا رایگەیاند، هێشتا وڵاتەكەی لەبەرنامەی دروستكردنی فرۆكەی جەنگی "ئیف-٣٥" دوورنەخراوەتەوە، كە ئەنقەرە سەدان پارچەی ئەو فرۆكەیە دروست دەكات .

هەروەها ئەمەریكا پێیوایە توركیا كە ئەندامی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسییە، هەڵەیەكی ستراتیژی دەكات كاتێك هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ مۆسكۆ زیاد دەكات .

بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ئەمەریكا ناسراو بە (كاتسا) ، سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەتوانێت سزا بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت كە هەماهەنگی لەگەڵ نەیارەكانی ئەمەریكا دەكەن وەكو رووسیا و كۆریای باكوور و ئێران .

لەمانگی یۆنیۆی ئەمساڵ ، ترامپ ویستی ئۆباڵی گرێبەستی كڕینی سیستەمی بەرگری "ئێس-٤٠٠" بخاتە ئەستۆی ئیدارەی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا بەوەی رازی نەبووە سیستەمی مووشەكی پاتریۆت بە توركیا بفرۆشێت ، ئەوەش توركەكانی پاڵناوە پەنا بۆ رووسیا بەرن.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی