هەوای پیس وا لە منداڵەكەت دەكات خۆی بكوژێت

تەندروستی

29/09/2019‌ 808 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توێژینەوەیەكی ئەمریكی ئاماژە بەوە دەكات بوونی هەر دوكەڵ و هەوایەكی پیس لەماڵەكەتدا منداڵەكەت تووشی نەخۆشی دەروونی دەكات و هەمیشە قەلەق دەبێت و هەوڵی خۆكوشتن دەدات.

توێژەرانی نەخۆشخانەی سینسیناتی منداڵان لە ویلایەتی ئوهایۆی ئەمریكا ئاماژەیان بەوە كرد، دوكەڵ و هەوای پیس، لە دوكەڵكێشی ئۆتۆمبیلەوە هەتا بوخار و كێشانی جگەرە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر منداڵەكەت ڕووبەڕوی نەخۆشییە دەروونی و عەقڵییەكان دەكاتەوە.

دكتۆر كۆل پرۆكامب لەو بارەوە دەڵێت: ئەمە یەكەم توێژینەوەیە، كە پەیوەندی نێوان هەوای پیس و نەخۆشی منداڵان ڕوون دەكاتەوە، نەخۆشییەكانیش تەنیا نەخۆشی جەستەیی نین، بەڵكو زیاتر نەخۆشی دەروونی و عەقڵین، كە هانی منداڵ دەدەن بۆ خۆكوشتن.

هەروەها توێژینەوەكە ئاماژەی بەوە كردووە لەكاتی پشكنین بۆ چەندەها منداڵ دەركەوتووە ئەو منداڵانەی لەشارە گەورەكان نزیكی بە قرەباڵەغی ئۆتۆمبیل دەژین، بەردەوام قەلەقن و ئەگەر هەوڵی ڕێگا چارەسەرێكیان بۆ نەدرێت سەردەكێشێت بۆ نەخۆشی دەرونی مەترسیدار.

وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ