بەیاساییكردنی عاشقەكان.. كێ لەروسیا بەرگری لەفرەژنی دەكات؟

جیهان

29/09/2019‌ 808 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (غازیتا رو) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی داوای موفتی روسیا بە رێگە پێدانی فرە ژنی لە روسیا.

بەپێی راپۆرتەكە، كەسایەتییە ئیسلامییەكانی روسیا داوای بە یاساییكردنی فرەژنی دەكەن بۆ موسڵمانانی ئەو وڵاتە، ئەمەش بووەتە جێگای باس و خواس لە كۆمەڵگەدا. 

بەگوێرەی ئەوەی موفتی مۆسكۆ (ئیلدار عەلا دینۆف) باسی لێوە كردووە، ئەم جۆرە لە هاوسەرگیری پێویستی بە یاسایكردنی هەیە لەسەرجەم شوێنەكانی وڵاتدا، بەڵام  سەرۆكی ئەنجوومەنی فەتوای روس (راوی عەینەدین) پێی وایە ئەمە پێویستە لە كۆمارە موسڵمانەكاندا بگرێت.

راوی دەشڵێت: بە تەواوەتی لەوە دەگات روسیا وڵاتێكی عەلمانییە و یاسا فیدراڵییەكان بۆ هەموان یەك شتە، لەبەر ئەوە داوای جێبەجیكردنی رێساكانی قورئان و ئاگاشیان لە یاساكانی وڵاتی روسیا بێت.

ئەمە یەكەم جار نییە داوای بە یاسایی كردنی فرە ژنی دەكرێت، كە بە گوێرەی یاسای روسیا قەدەغەكراوە تا لە نێو سەركردە موسڵمانەكان، یاخود ئەو كەسایەتییە سیاسییانەی بڕوایان بە ئاینی ئیسلام هێناوە. 

لە ساڵی 2015 دا بۆ نموونە سەرۆكی چیچان رەمەزان قەدیرۆف وتی: وای دەبینم پێویستە فرە ژنی بە یاسایی بكرێت لە نێو خێزانە موسڵمانەكان لەو كۆمارانەی زۆرینەیان موسڵمانن. 

لە بۆچونی ئەودا، كاتێ پیاو چەند ژنێكی شەرعی هەبێت، كە ئیسلام رێگەی پێدەدات، باشترە لەوەی ناپاكی لەگەڵ هاوسەركەیدا بكات.

ئەوانەی قسە لەسەر بە یاسایكردنی فرەژنی دەكەن و بەرگری لە جێبەجێكردنی دەكەنەوە، لە دیدگای پیاوانی ئایینیەوە تەماشای پرسەكە دەكەن و دەیانەوێت بە ئاشكرا لەگەڵ چەند ژنێكدا بژین لە جیاتی ئەوەی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ كچی تری جگە لە هاوسەرەكانیان بشارنەوە. 

ئەو كەسایەتیە ئاینی و سیاسیانەی باسی هەستی ئەو ئافرەتانە دەكەن لەوەی ژنی یەكەم بن یان دووەم، زۆر كەمن.

بەهۆی ئەو مشتومڕِانەی دەربارەی فرە ژنی لە ساڵی 2015دا هاتە كایەوە، رۆژنامەنووسێكی ئافرەتی موسڵمان (غالینا بابیتچ) باسی ئەوەی كردووە، لایەنە نێگەتیڤەكانی ئەم دیاردەیە بە روونی هەستی پێدەكرێت، و پێویستی بە پاڵپشتی ماددی و پاراستنی دۆخی كۆمەلایەتی هەیە، هیچ كەسێك ناتوانێ ئەو ئالۆزیە بڕەوێنێتەوە كە لە پەیوەندی نێوان ژنەكانی یەك پیاودا دروست دەبێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا