شارپرێس:
ئەوەی سەرەوە ناونیشانی راپۆرتێكە لە گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) بڵاوكراوەتەوە، دەربارەی هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ روونەدانی جەنگ لە ناوچەی كەنداو و پلانی روسیا بۆ دانانی بنیادێكی ئەمنی هەرێمایەتی تا ناوچەكە بخاتە سەر رێگای ئاشتی.
بەپێی راپۆرتەكە، روونەدانی جەنگ لە نێوان ئەمریكا و ئێران یەكێك بوو لەو پرسانەی خرایە بەردەم خولی 74 ی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە كۆبوونەوەی وەزیرانی پێنج وڵاتەكە (بەریتانیا، ئەلمانیا، چین، روسیا، فەرەنسا) و ئێران تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی چۆنییەتی پارێزگاری كردن لە پلانی كاری گشتگیر (مامەڵەی ئەتۆمی)، كە ئەمریكای لێكشاوەتەوە.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، لایەنەكان ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە جێگرەوە بۆ ئەو كارە نییە و داوا لەسەرجەم لایەنەكان كراوە پابەند بن بە مەرجەكانی رێككەوتنەكەوە.
لە بەرانبەردا سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ داوای لەسەرۆكەكانی جیهان كرد فشاری زیاتر بخەنە سەر ئێران، لە لێدوانە دووبارەكانی بەرپرسانی ئەمریكا و ئێرانییەكان، ئەوە دەردەكەوێت سەرۆكی هەردوولا نیازی كۆبوونەوەیان نییە لە نیویۆرك، لەگەڵ ئەوەشدا، لە پشت پەردەوە، ئەو هیوایە نابڕن بۆ كۆبوونەوەیەك تا گرژیەكانی نێوانیان بڕەوێنێتەوە.
لێرەشەوە، وەزارەتی دەرەوەی روسیا وای دەبینێت كاتەكە زۆر گونجاوە بۆ دروستكردنی بنیادێكی ئەمنی هەرێمایەتی گشتگیر و یەكگرتوو بۆ سەرجەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەروەها مۆسكۆ گرنگی دەدات بە رێككەوتنی وڵاتانی كەنداو لەسەر رێگەیەك بۆ زامنكردنی ئاسایش لەسەر بنەمایەكی گشتگیر، لەسەر ئەمە، تێگەیشتنی نوێی روسیا بۆ ئاسایش و سەقامگیری لە كەنداو دامەزراوە، كە بنەماكانیش بریتین لە: سیاسەتی هەنگاو بەهەنگاو، فرەیی لایەنەكان، خۆبینینەوە بۆ یاسای نێو دەوڵەتی، رێكارە سنووردارەكان خۆی لە دروستكردنی رێكخراوێك بۆ ئاسایش و هاوكاری دەبینێتەوە، جگە لە وڵاتانی كەنداو روسیا و چین و ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا و هیندستان و یاریچییە گرنگەكانی تر بگرێتەوە، هاوكارییە سەربازییەكەش شەفاف بێت و رێككەوتنێك بۆ چاودێری كردنی پێشبڕكێی خۆپڕچەككردن بكرێت.
سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا