عێراق رەتیدەكاتەوە دوای هێرشەكانی سەر ئارامكۆ هەناردەی نەوتی زیاد كردبێت

عیراق

29/09/2019‌ 743 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە، كە باس لەوە دەكەن بەغدا لەڕێگای زیادكردنی هەناردەی نەوتەوە سوودی لەهێرشەكانی سەر كۆماپنای ئارامكۆی سعودییە وەرگرتووە 

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەلێدوانێكیدا بۆ كەناڵی "حوررە"ی ئەمەریكی وتی: بەهۆی پابەندبوونی عێراق بە بڕیاری وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك) و وڵاتانی تری هەناردەكاری نەوت، بڕی هەناردەی نەوتی عێراق لەمدواییە كەمی كردووە.

جیهاد وتیشی: زیادكردن و كەمكردنی هەناردەكردنی نەوت بەشێوەیەكی تاكلایەنە نابێت و لەكاتی كۆبوونەوەی لیژنەی وەزاری بۆ چاودێری بەرهەمهێنانی نەوت، كە لەو رێكەوتنەوە درووستكراوە و سعودییە سەرۆكایەتی دەكات و عێراقیش ئەندامە، بەشێوەیەكی بەردەوام و ڕێكوپێك كۆدەبێتەوە و راسپاردەكان بۆ كۆبوونەوەی وزاری بەرزدەكاتەوە و بڕیار لەسەر بەرزكردنەوە، یان دابەزاندنی هەناردەی نەوت دەدات.

رۆژی هەینی،  رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كردبوو، كە عێراق و ئیمارات و روسیا سوودیان لە هێرشەكانی ئەم دواییە بۆ سەر كۆمپانیای ئارامكۆی سعودییە وەرگرتووە و هەناردەی نەوتی خۆیان بۆ بازارەكانی جیهان زیاد كردووە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە