تەواوكردنی بودجەی عێراق بەندە بەرێكەوتن لەسەر دیاریكردنی پشكی هەرێم

عیراق

29/09/2019‌ 1550 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەشی هەرە گەورەی رەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن وەزارەتی داراییەوە تەواوكراوە، بەڵام ناردنی بودجە بۆ پەرلەمان بەندە بەسازانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر دیاریكردنی پشكی هەرێم لەو بودجەیەدا .

جەمال سەیدۆ ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە دەشڵێت: فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی دارایی بەشی زۆری وردەكارییەكانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ ی تەواو كردووە، بۆ ئەوەش پرۆژە و پێویستییە راستەقینەكانی وەزارەتەكانی لەبەرچاو گرتووە.

سەیدۆ دەشڵێت: تاڕاددەیەكی زۆر رەشنووسی بودجە تەواو بووە، بەڵام نانێردرێت بۆ حكومەت تا پەسەندی بكات و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكرێت تا ئەوكاتەی پشكی هەرێم دیاری دەكرێت.

ئەو روونیكردووەتەوە، كە دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بودجە و بابەتە هەڵواسراوەكانی تر گەیشتووەتە قۆناغێكی زۆر  باش  بەجۆرێك ئەو بابەتە بەرەو چارەسەركردنە، لەحاڵەتێكدا هەردوولا بگەنە ڕێكەوتن ئەوە پرۆژە یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت و پشكی هەرێمیش بەگوێرەی سەرژمێری دانیشتووان، كە لەلای وەزارەتی پلاندانان یان وەزارەتی بازرگانییە دیاری دەكرێت .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی