عەلی سیستانی لەخامنەیی بەمەترسیدارتر دەزانرێت بۆ سەر ئیسرائیل

جیهان

30/09/2019‌ 2187 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماڵپەرێكی هەواڵگری ئیسرائیلی مەترسی راستەقینەی لەسەر مانەوەی دەوڵەتی عیبری لە سەدەی بیست و یەكدا ئاشكراكردووە.

ماڵپەڕی دیبكای هەوڵگری ئیسرائیلی، راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و باس لە (دوژمنێكی شەبەح) دەكات، كە هەڕەشەیە بۆسەر پرۆژەی ئیسرائیلی مەزن.

بەپێی راپۆرتەكە ئەو مەترسییە راستەقینەیەی رووبەرووی دەوڵەتی عیبری دەبێتەوە ئاراستەكەی لە ئێرانەوە نییە، كە باسی لەوەش كردووە "ئەوان دوژمنێكی ئاشكران بۆ ئێمە، بەڵام مەترسی ترسێنەر لە عێراقەوەیە و بەدیاریكراویش لە شاری نەجەف، كە شارێكی پیرۆزە لای موسڵمانە شیعەكان".

ئەو ماڵپەڕە هێمای بۆ ئەوەش كردووە، دامەزرێنەری حەشدی شەعبی خاوەن فەتوای (جیهادی كیفائی)، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی بەربەستێكی گەورەیە لە بەردەم بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئیسرائیل و لە ئایەتوڵڵا خامنەیی مەترسیدار ترە. 

هەروەها رۆڵی سیستانی زۆر فراوانترە لەخامنەیی، بەڵام بە شێوەیەكی نەرم و نادیار كار دەكات و بیردۆزەی (دوژمنی شەبەح) جێبەجێدەكات.

ماڵپەڕی ناوبراو توانای سیستانی ئاشكراكردووە لە كۆكردنەوەی 4 ملیۆن چەكدار لە ماوەی چەند رۆژێكدا لە شوێنە جیاوازەكانی جیهانەوە تەنیا بە دوو وشە، هەروەها فەتواكەی پەیڕەوكەرانی تری مەرجەعە شیعەكانی تریشی ناچار كردووە پابەند بن پیوەی لە شارەكانی تری وەك نەجەف و كەربەلا و لە عێراق و قوم و مەشهەدو تارات لە ئێران، ئەمە جگە لەشارەكانی تریش، كە بۆخۆی دیاردەیەكی ناوازەیە، سەرەرای ئەوەی سیستانی دامەزراوەی فێركردن و خزمەتگوزاری و دارایی وەهای دامەزراندووە، كە زۆر چالاكترە لە دامەزراوەكانی حكومەتی عێراق، بگرە هەندێك جار هاوكاری حكومەتیش دەكات.

لای خۆیەوە رۆژهەڵاتناسێكی ئیسرائیلی دەڵێت: دیدگای ئیسرائیل سەبارەت بە میلشیا چەكدارەكانی عێراق ئەوەیە، كە مەترسییەكی ئەمنی راستەقینەن، هەروەها بەرژەوەندیمان لەوەدایە دەستیان بۆ بەرین و بیانكەینە ئامانج.

یارون فریدمان لە وتارە درێژەكەیدا لە رۆژنامەی یدیعوت ئەحرنوت باسی لەوەش كردووە، ئێستا قسەكردن لەسەر 67 میلشیای چەكداری شیعەكانی عێراقە و ساڵانە لەلایەن حكومەتەوە 60 ملیۆن دۆلاریان بۆ خەرج دەكرێت، و ئەم میلشیایانە هاوكارن لەگەڵ ئەو جەمسەرە هەرێمایەتییەی ئێران بەڕێوەی دەبات لە ناوچەكەدا و هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ گواستنەوەی چەك و كەلوپەلی سەربازی لە رێگەی سنوورەكانی خۆیەوە لەگەڵ ئێران بۆ سوریا و لوبنان.

وەرگێڕان: حلمی رەسوڵ رەزا