عێراق داوای داهاتی ٩٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لەهەرێم دەكات

عیراق

30/09/2019‌ 2608 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرێمی كوردستان ٩٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی لەئەستۆیە، كە دەبوو بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ رادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات‌و ئەندامێكی لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەنجووەمەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت: ئەگەر هەرێم هەر پابەند نەبێت بەرادەستكردنی نەوتەكەی بە بەغدا ئەوە ئەنجوومەنی نوێنەران ڕێگریدەكات لەوەی پشكی هەرێم بخرێتە ناو پرۆژە یاسای فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٠ .

فازڵ فەتلاوی ئەندامی لیژنەكە لەلێدوانێكدا دەشڵێت: بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێم بەرادەستكردنی شایستە داراییەكانی بە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ، دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠٢ زۆر قورس دەبێت و رووبەڕووی كێشە دەبێتەوە.

هەروەها دەڵێت: ئەگەر هەرێم هەر پابەند نەبێت ئەوە پاڵ بە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەنێت ڕێگری بكات لەوەی پشكی هەرێم لەناو پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٠ جێگیر بكرێت ،  بۆ ئەوەش هەموو كوتلە سیاسییەكان هاوڕان لەگەڵ ئەوەی لەبودجەی ساڵی داهاتوو هەرێم هیچ پشكێكی بۆ دیاری نەكرێت، لەبەر ئەوەی ئامادە نەبووە ئەو بڕە نەوتەی لەئەستۆی بووە رادەستی بەغدای بكات.

پێشتریش لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكرایكردبوو، كە بەشی هەرە زۆری رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن وەزارەتی داراییەوە تەواو كراوە ، ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە ناردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان پەیوەستە بە سازانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دیاریكردنی پشكی هەرێم لە بودجەدا.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی