شیكردنەوە بۆ شكستی سیستەمی پاتریۆت لەرێگری هێرشەكەی سەر ئارامكۆ دەكرێت

جیهان

01/10/2019‌ 1452 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر هێرشەكەی كۆمپانیای "ئارامكۆ"ی سعودییە، مشتومڕی ئەوە لەناو شارەزا سەربازییەكان هەر بەردەوامە، كە بۆچی سیستەمی "پاتریۆت"ی ئەمەریكی نەیتوانی بەرپەرچی موشەك و فرۆكە بێفرۆكەوانە ئێرانییەكان بداتەوە .

پێگەی Defense News راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا كۆمەڵێك شارەزای سەربازی گریمانەكانیان خستووەتەڕوو لەسەر هۆكارەكان و راددەی توانای سیستەمە موشەكییە بەرگرییە پێشكەوتووەكان لە بەرپەرچدانەوەی ئەو ئاڵنگارییە نوێیانەی بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای فرۆكەی درۆن‌و موشەكی وردپێكەكانەوە دێنەپێشەوە.

لەو بارەیەوە، دانیێڵ شابیرۆ باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا لە ئیسرائیل و توێژەر لە پەیمانگای لێكۆڵینەوەكانی ئاسایشی نەتەوەیی كۆمەڵێك هۆكاری شیمانەكراوی بۆ شكستی بەرگرییە ئاسمانییەكانی سعودییە باس كردووە لەوانە "پێكهاتەی هێرشەكە" خۆی ، چونكە شابیرۆ پێیوایە نوێترین سیستەمە بەرگرییە ئاسمانی و موشەكییەكان  ناتوانن بەرپەرچی هێرشێك بدەنەوە، كە بە ژمارەیەكی زۆر مووشەكی زۆر پێشكەوتوو بكرێت .

لای خۆیەوە، عۆزی رۆبین ئەندازیار لە پیشەسازی موشەك و سەرۆكی پێشووی ڕێكخراوی بەرگری موشەكی ئێسرائیل دەڵێت: تەحەددای سەرەكی ئەو جۆرە هێرشانە خۆی لەوەدا نابینێتەوە، كە ئامانجە هێرشبەرەكان تێكبشكێنرێن، بەڵكو بریتییە لە چاودێریكردنی كاتێك لەبەرزاییەكی زۆر كەم دەفڕێت.

بەڕای ئەو شارەزا سەربازییە ئیسرائیلییە هۆكاری شكستی سیستەمی بەرگری ئاسمانی سعودییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە رادارەكانی نەیانتوانیوە سێرە (ڕصد) لە درۆن و موشەكەكان بگرن كاتێك بەژێر هێڵی ئاسۆدا فڕیون، بۆیە ئامۆژگاری هێزە سەربازییەكانی سعودییە دەكات بەوەی لەڕێگای سیستەمی مووشەكی "بانتسیر"ی روسی یەو كەلێنە چارەسەر بكات .

رۆبین هاوڕایە لەگەڵ جەنەراڵ بینی یۆنگمان ، بەڕێوەبەری بەشی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە كۆمپانیای "رافئیل"ی ئیسرائیلی، كە دەڵێت: موشەكە وردپێكەكان زۆر لە فرۆكە بێفرۆكەوانەكان مەترسیدارترن كە لەقۆناغی ئیستادا ناتوانن برێكی زۆر بۆمب و ماددەی تەقینەوە هەڵبگرن .

هەرچی تۆماس كاراكۆیە لە ناوەندی لێكۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەكان كە بارەگاكەی لە نیویۆركە دەڵێت: هیرشەكەی سەر ئارامكۆ بۆتە ەێڵێكی سوور بۆ دەرخستنی بابەتێكی ئەندازیاری جۆری ، بەجۆرێك هێزە بەرگرییەكانی هەموو وڵاتان رووبەرووی پێویستی چارەسەركردنی چاودێریكردنی ئەو ئامانجانە بكەن كە لەژێر هێڵی ئاسۆوە و بەهەموو ئاراستەكانەوە بكەن ، ئەوەش پێویستی بە بەرهەمهێنانی رادار و ئامێری هەستپێكەری نوێ هەیە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی