ئێران دوو خاڵى سنورى لە پارێزگا هەڵەبجە بە فەرمى دەناسێنێت

کوردستان

02/10/2019‌ 1413 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنى وەزیرانى ئێران دوو خاڵى سنورى لە پارێزگا هەڵەبجە بە فەرمى دەناسێنێت.
ئەمرۆ چوار شەممە شاندێکى پارێزگاى کرماشان سەردانى پارێزگاى هەڵەبجەیان کردو دواتر لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەنوسیدا باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و جموجۆڵى بازرگانى هەردوولا کرد.
ئازاد تۆفیق پارێزگارى هەڵەبجە رایگەیاند، شاندى پارێزگاى کرماشان سەردانى هەڵەبەجەیان کردوە لەسەر چەند پرسێک قسەیان کردوەو بەتایبەت کردنەوەى چەند خاڵێکى سنورى لەنێوان هەردوولا، هەروەها گفتوگۆیان لەسەر ئەو یاداشتە کردوەو جەخت لەسەر جێبەجێکردنى کرایەوە کە لە ماوەى پیشوودا لەنێوان هەردوولا رێککەوتوون لەسەرى.
پارێزگارى هەڵەبجە روونیکردەوە، باسیان لەوە کردوە کە ئەو خاڵە سنوریانە بۆ هاتووچۆى هاوڵاتیان بکرێنەوەو حکومەتى عێراق و هەرێم پێویستە لەمرووەوە کار بۆ ناساندنى ئەو سنورانە بکەن.
لاى خۆیەوە پارێزگارى کرماشان رایگەیاند، لە سەردانى پیشووى پارێزگارى هەڵەبجە بۆ کرماشان لێکتێگەیشتنێکى ١٦ خاڵیمان داڕشت، ئەمرۆ هاتووین بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنى ئەو لێکتێگەیشتنە بکەین لەلایەن هەردوولاوە.
پارێزگارى کرماشان ئاشکراشى کرد، کە ئەنجومەنى وەزیرانى ئێران هەردوو مەرزى "شوشمێ، پشتە"ى بە فەرمى ناساندوە بۆ هاتوچۆکردنى هاوڵاتیانى هەردوولا.
هەروەها پارێزگارەکەى کرماشان باسى لەوەشکرد، ئەگەر بە فەرمى ناساندنى ئەو دوو مەرزە درێژە بکێشێت ئەوا پێویستە رێوشوێنێکى تر بگرنە بەر تا هاتوچۆکردنى هاوڵاتیان بەردەوام بێت.
س.هـ