پێشتر هاوشێوەی نەبووە.. بۆچی خۆپیشاندانەكانی عێراق سەریانهەڵدا؟

عیراق

03/10/2019‌ 2594 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بۆ دووەم رۆژ  هێزە ئەمنییەكان فیشەكی زیندوویان بەكارهێنا بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران، لەكاتێكدا بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق لەدوای ئەو خۆپیشاندان و نارەزایەتیانەی بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی چەندین خۆپیشاندەر داوای دانبەخۆداگرتن لەهەموو لایەك كردو حكومەتیش بەرپرسیاڕیتییەكەی خستە ئەستۆی "پیلانگێڕان"ەوە.

ئەو خۆپیشاناندانانەی ئێستای شارەكانی عێراق  بێپێشینەن، لەبەر ئەوەی لەسەر داوای هیچ پارتێك، یان رێبەرێكی ئاینی درووست نەبوون، كە پێشتر هەمیشە خۆپیشاندانەكان بەوشێوەیە سەریانهەڵدەدا، بەڵكو خۆپیشاندەرانی تووڕە و نارەزای بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و بێكارییەوە هاتوونەتە سەر شەقامەكان.

لەوەتەی عادل عەبدولمەهدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، كە نزیكەی ساڵێكە ، ئەوە یەكەم خۆپیشاندانە دەكرێت تێیدا كەسانی نارازی داوای سزادانی گەندەڵكاران و بەرەنگاربوونەوەی بێكاری دەكەن تا دەگاتە نارازیبوونیان لە لەسەركارلادانی فەرماندەیەكی سەربازی شیعەمەزهەب .

بڕیاری عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیری عێراق بۆ دوورخستنەوەی فەریق عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆر، كە رۆڵێكی گەورەی هەبووە لە جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش ، تووڕەیی و نارەزایەتییەكی فراوانی لەسەر ئاستی جەماوەری لەعێراق درووست كرد و پرسیاری ئەوەشی وروژاند، كە ئامانج لەو دوورخستنەوەیە چییە؟

چەندین ساڵە عێراق بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەكانەوە دەناڵێنێت هەر لەپچرانی بەردەوامی كارەبا و نەبوونی ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە ، تەنانەت لەلیستی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندا پلەی دوانزەیەمی هەیە.

بەپێی راپۆرتە فەرمییەكان ، لەدوای رووخانی رژێمی سەددام حوسێن نزیكەی ٤٥٠ ملیار دۆلار لە پارەی گشتی دیار نەماوە، واتا چوارقاتی بودجەی گشتی وڵات و دوقاتی تێكرای بەرهەمی ناوخۆیی عێراق.

لەڕووبەرووبوونەوەی یەكەم تاقیكردنەوەی جەماوەریشدا، حكومەتی عێراق خۆپیشاندەرانی بە "دەستدرێژیكار " و "گیرەشێوێن" هەژمار كرد، كە بوونەتە هۆی بوونی قوربانی لەڕیزی خۆپیشاندەراندا.

دوای ئەمە بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق لەهەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسی: خۆپیشاندانی ئاستیانە مافێكی دەستوورییە ( ...)، رۆڵەكانمان لە هێزە ئەمنییەكان ئەركی پاراستنی مافی هاووڵاتیانیان لەئەستۆیە.

هەروەها نووسی: رۆڵەكانمان لە گەنجانی عێراق چاویان لە چاكسازی و دەرفەتی كارە، ئەركی سەرشانمانە وەڵامی ئەو داواكارییە رەوایانە بین.

لای خۆشییەوە ، باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا وتی: خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافێكی بنەرەتییە لە هەموو سیستەمە دیموكراتییەكان، بەڵام لە خۆپیشاندانەكاندا بواری  توندوتیژی بۆ هیچ لایەك نییە.

هەروەك جینین هینیس- بلاسخارت ، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوپەڕی نیگەرانی خۆی دەربڕی و داوای لە دەسەڵاتداران كرد لە مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندەران دان بەخۆیاندا بگرن.

هەرچی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانە هاوشێوەی موقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدر داوای كرد لێكۆڵینەوە لە بابەتەكەدا بكرێت.

بەڵام عادل عەبدولمەهدی بەیاننامەیەكی دەركرد و تێیدا سڵاوی لە هێزە ئەمنییەكان كرد، كە توانایەكی بەرزیان لە بەرپرسیارێتی و دانبەخۆداگرتن بەرانبەر بە دەستدرێژتكاران و گێرەشێوان پیشانداوە، ئەوەش زیاتر خۆپیشاندەرانی توورە و بێزار كرد.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی