چۆن نەشتەرگەری لەدایكبوون كار دەكاتە سەر سیستەمی بەرگری لەشی منداڵ؟

تەندروستی

05/10/2019‌ 390 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵینەوەیەكی نوێی بەریتانی ئەوەی دەرخستووە، كە لەدایكبوونی منداڵ لەڕێگای نەشتەرگەرییەوە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەرگری سرووشتی دژ بە میكرۆبە لەئاسا بەدەرەوەكان .

ئەو منداڵانەی بەشێوەیەكی سروشتی لەدایك دەبن ئەو میكرۆبە سوودبەخشانە لەدایكیان وەردەگرن، كە یارمەتی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی دەدەن، بەڵام ئەو منداڵانەی لەڕێگای نەشتەرگرییەوە لەدایك دەبن میكرۆبگەلێكی تەوا و جیاواز وەردەگرن، كە هەندێكیان هەوكردنی نەخۆشخانەكانیان لەگەڵە .

زانایان دەڵێن: لێكۆڵینەوەكەیان یارمەتیان دەدات بۆ شرۆڤەكردنی هۆكاری بەرزبوونەوەی هەندێك نەخۆشی پەیوەست بە بەرگری لەشی منداڵان ئەوانەی لەڕێگای نەشتەرگەرییەوە لەدایكبوون، لەوانە هەستەوەری و شەكرە لەجۆری یەكەم .

لێكۆلینەوەكە، كە ٧ ساڵی خایاندووە و لەلایەن پەیمانگای Wellcome Sanger لە لەندەن و زانكۆی لەندەن و زانكۆی بێرمینگهام كراوە دەركەوتووە، كە ئەو میكرۆبانەی لەلای ئەو منداڵانەی بەشێوەیەكی سروشتی لەدایك دەبن لەڕێگای زێی دایكیانەوە بۆیان نەگوازراوەتەوە وەك پێشتر بڕوا وابوو، بەڵكو لەڕێگای ریخۆڵەكانەوەیە، كە گومان دەبرێت لەكاتی لەدایكبووندا وەریبگرن .

دكتۆر نایجڵ فیڵد لە زانكۆی لەندەن دەڵێت: منداڵان لەمنداڵدانی دایكیاندا پارێزراون، بەڵام تەنیا بەهاتنەدەریان بەر بەكتریا دەكەون و لەناو ریخۆڵەكاندا جێگیر دەبێت و لەنێوان ٦ بۆ ٩ مانگدا جیاوازییەكانی نێوان ئەو منداڵانەی بەسروستی لەدایكبوون و ئەوانەی لەڕێگای نەشتەرگەرییەوە لەدایكبوون تێكدەچێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی