خۆپیشاندانی خوێناوی لەپایتەخت.. لەعێراق چی دەگوزەرێت؟

عیراق

05/10/2019‌ 955 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەماوەی چوار رۆژی لەسەریەكی خۆپیشاندانەكانی بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراق زیاتر لە 60 عێراقی گیانیان لەدەستداوەو سەدانی تریش بریندار بوون، كە لەماوەی ساڵی رابردوودا ئەوە یەكەم خۆپیشاندانی گەورەیە، گیانلەدەستدانی تێدابێت .

عێراقییەكان بۆچی خۆپیشاندان دەكەن؟
دوای دوو ساڵ لە بەزاندنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ، بەشی زۆری دانیشتووانی عێراق، كە نزیكەی ٤٠ ملیۆن كەس دەبێت لەبارودۆخێكی نالەبار و دژواردا دەژین، ئەوە سەرەرای ئەوەی وڵاتەكە خاوەنی سەروەتێكی نەوتی گەورەیە، گەنجانیش پێیان وایە بەرپرسە گەندەڵەكان هۆكاری ئەو دۆخەن‌و دەڵێن ئەو ڕێبەرە سیاسییانە نوێنەرایەتی ئەوان ناكەن.

چی شتێك ئاگری خۆپیشاندانەكانی هەڵگیرساند و كێی لەپشتە؟ 
پێناچێت لایەنێكی سیاسی بەتەنیا لەپشت هەڵگیرساندنی نارەزایەتییەكانەوە بێت، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بانگەواز بۆ خۆپیشاندانەكان دەستیپێكردبوو، وادیارە بەشداری بەرفراوانی خەڵك لە خۆپیشاندانەكان هێزە ئەمنییەكانی تووشی سەرسووڕمان كردووە .

دوو هۆكاری سەرەكی بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی ئەو توورەبوونە جەماوەرییە، كە ئەوانیش كەمی خزمەتگوزارییەكان‌و نەبوونی دەرفەتی كارە، هەروەها چەند هەنگاوێكی حكومەتیش بەشداربوون لە زیادبوونی تووڕەیی خەڵك، بەتایبەت دابەزاندنی پلەی فەرماندەیەكی سەربازی، كە هاوسۆزییەكی جەماوەری فراوانی لەگەڵە و بەشێوەیەكی تەواو هۆكاری سزادانی ئەو  فەرماندە سەربازییە رووننەكراوەتەوە.

ئایا حكومەت وەڵامی داواكاری خۆپیشاندەران دەداتەوە؟ 
حكومەتی بەغدا بەڵێنی ئەوەیداوە ژیان‌و گوزەرانی هاووڵاتیان باشتر بكات و دەرفەتی كاریان بۆ بدۆزێتەوە، سەرۆكوەزیران بەڵێنی ئەوەیداوە دەرچووانی زانكۆ بخاتە سەر كار و رێنمایشی بۆ وەزارەتی نەوت و دەستە حكومییەكان دەركردووە بەوەی لەگرێبەستەكانی داهاتوو لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان دەبێت ٥٠%ی ئەوانەی كاریان لەگەڵ دەكەن عێراقی بن .

هەرچەندە حكومەتی پێشووتریش ڕێنمایی هاوشێوەی دەركردبوو بۆ باشكردنی كەرتی تەندروستی و كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی تر .

ئایا نائارامییەكان تایەفین؟ 
خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكان بەشێوەیەكی سەرەكی لەسەر خراپی رەوشی ئابووری و  بژێوی هاووڵاتییانە، جگە لەوەی تووڕەبوونە جەماوەرییەكە رووبەرووی چینی سیاسییەكانە نەك تایەفەیەكی دیاریكراو .

نائارامییەكان بەلای حكومەتەوە چی دەگەیەنن؟ 
رەنگە حكومەت پێیوابێت سەختە بتوانێت كۆنترۆڵی خۆپیشاندانەكان بكات، كە هیچ پارت و هێز و لایەنێكی سیاسی بەئاشكرا بەشداری تێدا ناكات، تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی، كە خۆی لە پیاوی ئاینی عێراقی موقتەدا سەدردا دەبینێتەوە بەفەرمی لەناو خۆپیشاندانەكاندا نییە، كە ساڵانی رابردوو ئەو رێكخەری خۆپیشاندان‌و نارەزایەتییەكان بوو.

ئەگەر چوارچێوەی نارەزایەتییەكان فراوانتر ببێت نازنرێت بژاردەكانی بەردەم حكومەتی بەغدا بۆ مامەڵكردن لەگەڵیدا چین، بەجۆرێك لەئێستادا هیچ ئاماژەیەك دیار نییە بۆ دەستلەكاركێشانەوەی بەرپرسان، یان گۆڕانكاری وزاری .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی