عێراق لەپێشەنگی وڵاتانی هەناردەكارانی نەوت و لەریزی دواوەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

عیراق

05/10/2019‌ 759 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
چەند رۆژێكە خۆپیشاندنانی فراوان بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراقی گرتووەتەوەو خۆپیشاندەران داوای پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و رەخساندنی دەرفەتی كار و سزادانی گەندەڵكاران دەكەن .

ئەوەی ئەو خۆپیشاندانە لەوانی پێش خۆی جیادەكاتەوە ئەوەیە، كە وەك ساڵانی پێشوو لەسەر داوای هیچ پارتێك، یان ڕێبەرێكی سیاسی، یان دینی سەریانهەڵنەداوە، بەڵكو بەشێوەیەكی خۆرسك و بەهۆی نارازی بوونی خەڵكە لەئاستی ژیان و گوزەران و بێباكی دەسەڵاتاداران .

گەندەڵی لە عێراق 
بەگوێرەی ڕێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، عێراق پلەی ١٢ هەمینی هەیە لە لیستی گەندەڵترینی وڵاتانی جیهان، كە جگە لە بیرۆكراتییەت، گەندەڵی یەكێكە لە ئاستەنگە گەورەكانی بەردەم وەبەرهێنان لە عێراق .

لێكۆڵینەوەیەكی هاوبەشی پێشووی نێوان نەتەوە یەكگرتووەكان‌و لیژنەی دەستپاكی لەسەر گەندەڵی لە كەرتی گشتی لەعێراق ئاشكرایكردووە، كە هەر فەرمانبەرێكی مەدەنی ساڵانە لانیكەم ٤ بەرتیل دەدات بۆ ئەوەی ئاستەنگەكانی بەردەمی لابچن .

راپۆرتە فەرمییەكانیش باس لەوەش دەكەن، كە لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣ وە تائێستا زیاتر لە ٤٥٠ ملیار دۆلار لە پارەی گشتی براوەتە دەرەوە، كە دەكاتە چوار قاتی بودجەی ساڵێكی دەوڵەت و دووقاتی تێكرای بەرهەمی ناوخۆیی عێراق .

بێكاری 
بەگوێرەی داتاكانی بانكی نێودەوڵەتی، ڕێژەی بێكاری لەناو چینی گەنجاندا بە نزیكەی ٢٥% دەخەمڵێنرێت، لەكاتێكدا كەرتی گشتی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا جێگای بەگەرخستنی هەموو دەرچووانی زانكۆ بوو، ئێستا تووشی هەڵاوسان بووە چیتر ناتوانێت ئەو دەرچووانە وەربگرێت .

بۆیە دەرچووانی زانكۆكان بەشێوەیەكی نیمچە رۆژانە پەنا دەبەنە بەر خۆپیشاندان و مانگرتن بەو ئومێدەری دەرفەتی كاریان بۆ برەخسێنرێت، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەڵام نادرێنەوە .

هەژاری 
لەگەڵ سەرهەڵدانی شەری داعش و نەمانی ئاسایش و ئارامی لەسەر ئاستێكی فراوان، نزیكەی لانیكەم ١٣ ملیۆن عێراقی پێویستی زۆریان بەهاوكاری و كۆمەككردن هەبوو، كە لەناویاندا ٣ ملیۆن ئاوارە .

بەگوێرەی بانكی نێودەوڵەتی، لەساڵی ٢٠١٤ ڕێژەی بێكاری لەسەر ئاستی وڵات گەیشتووەتە ٢٢،٥% . 

خراپی خزمەتگوزارییەكان و خراپ ئیدارەدان 
خۆپیشاندانەكانی ئێستا هاوكاتە لەگەڵ پچرانی تەزووی كارەبا لەهاووڵاتیان و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بەتایبەت لەپارێزگاكانی باشووری عێراق .

عێراق بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ هاووڵاتیان و دامودەزگاكان لانیكەم پێویستی بە ٢٣ هەزار مێگاوات كارەبا هەیە، لەكاتێكدا ئێستا عێراق دەتوانێت تەنیا ١٨ هەزار مێگاوات كارەبا بەرهەمبهێنێت .

جگە لە بڕانی بەردەوامی تەزووی كارەبا، چەندین ساڵە هاووڵاتیان بەدەست بڕان‌و كەمی ئاوی خواردنەوەشەوە دەناڵێنن، جگە لە گلەیی و گازندەی هاووڵاتیان لە كێشەكانی پەیوەست بە رێگەوبان و كەرتی تەندروستی و خراپی خزمەتگوزارییەكان .

كوالیتی خراپی ژێرخانی ئاوی خواردنەوە و كەرتی تەندروستی كاریگەری گەورەی هەبووە لە سەر تەندروستی كۆمەڵگە، بەتایبەتی ئاستی بەرزی بەدخۆراكی .

بوونی ئەو هەموو كێشە و گرفتانە لەكاتێكدایە، كە عێراق پێنجەم هەناردەكاری نەوتە لەجیهاندا و داهاتەكانی نەوت نزیكە٩٠% ی بودجەی گشتی وڵات دابین دەكات .

لەگەڵ ئەو  هەموو داهات و سەروەت و سامانە زۆرە، بەڵام حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق نەیانتوانیوە  ڕێژەی بێكاری كەمبكەنەوە .

بۆیە چاودێران پێیان وایە بێ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی باسكران، قورسە بتوانرێت نارەزایەتییەكان لە وڵاتێكی وەك عێراق كپبكرێنەوە، كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی لەگەنجان پێكدێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی