روسیا لەنزیكەوە چاودێری جموجۆڵەكانی توركیا لەناوچەی ئارام دەكات

کوردستان

05/10/2019‌ 1429 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
روسیا لەنزیكەوە چاودێری جموجۆڵەكانی توركیا لە باكووری سوریا "ناوچەی ئارام" دەكەن، ئەوەش دوای ئەوەی توركیا رایگەیاند، تاكلایەنە ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای كوردستان دروست دەكات.

دیمیتری بیسكۆڤ قسەكەر بەناوی كرملینەوە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە مۆسكۆ رایگەیاند، ئەنقەرە مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بكات، بەڵام دەبێت پارێزگاری لە یەكێتی خاكی سوریاش بكات.

هەروەها وتیشی: روسیا دژایەتی جموجۆلەكانی توركیا ناكات، بەڵام چاودێری دەكات‌و رێگە بەدابەشبوونی خاكی سوریا نادات .

پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكۆماری توركیا بەبۆنەی دەستپێكردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی توركیا وتی: ئەوان تاكلایەنە هەنگاو دەنێن بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام .

دوای دوو رۆژ لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا، ئەردۆغان وتیشی: ئەوان جگە لەهەنگاونانی تاكلایەنە بێ هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریكا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای كوردستان هیچ بژاردەیەكی تریان لەبەردەمدا نەماوە .

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیاو لەكۆتایی كۆبوونەوەكەیدا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كە بۆ ئەوەی ئاوارە سورییەكانی نیشتەجێی توركیا لەنزیكترین كاتدا بگەڕینەوە بۆ سەر  زێدی خۆیان، ئەنقەرە نیازپاكی خۆی سەبارەت بە ناوچەی ئارام لەسوریا پیشان دەدات  .

لەبەیاننامەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیاشدا باس لەوە نەكراوە، كە ئایا بڕیارداروە بەوەی پرۆسەیەكی سەربازی بكەنە سەر شەڕڤانانی كورد لەرۆژئاوای كوردستان ئەگەر هات و واشنتۆن بەڵێنەكانی خۆی سەبارەت بە ناوچەی ئارام نەبردە سەر  .

لای خۆشییەوە، جەیمس جیفری نێردەی ئەمەریكی بۆ كاروباری سوریا هۆشداریدایە توركیا بەوەی هەر هەنگاوێكی تاكلایەنە بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سوریا سوودی نابێت .

لەپەراوێزی كارەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك جیفری وتی: بە توركەكانمان وتووە هەر هەنگاوێكی تاكلایەنە نابێتە هۆی باشكردنی ئاسایشی هیچ لایەك.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی