ئەردۆغان سەرزەنشتی ئەو كەسانە دەكات بەهۆی سیاسەتەكانی خۆی بێ‌ كاربوون

جیهان

05/10/2019‌ 1002 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو قەیرانە ئابوورییەی توركیای گرتووەتەوە رێژەی بێكارانی لەو وڵاتە زیاد كردووە، كە بەپێی داتاكانی دەستەی ئاماری توركیا  تێكرای ڕیژەی بێكاری بۆ ١٣% بەرزبووەتەوە  .

بەپێی نوێترین داتای دەستەی ئامار ژمارەی بێكاران لەسەر بنەمای ساڵانە بۆ  ٩٣٨ هەزار بێكار بەرزبووەتەوە، بەوەش سەرجەمی ژمارەی بێكارانی توركیا بووەتە ٤ ملیۆن و ٢٥٣ هەرز بێكار .

بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری بووەتە هۆی رەخنەگرتن لە رەجەب تەیب ئەردۆغان و حكومەتەكەی بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە بەشێوەیەكی باش ئیدارەی بەگەڕخستنی بێكاران بكەن .

بەڵام ئەردۆغان لەجیاتی بەڵێندان بە دۆزینەوەی دەفەتی كار و دڵنەوایی بێكاران هێرشی كردە سەریان و وتی: ناتوانرێت هەرچی خوێندنی تەواو كرد هەر دوای دەرچوونی لەزانكۆ دەفەتی كاری بۆ بدۆزینەوە، ئەوەش توورەیی و بێزاری دەرچووانی زانكۆی لێكەوتەوە .

ئەردۆغان وتیشی: مەرج نییە دەرچووانی زانكۆ دەستبەجێ دوای دەرچوونیان كاریان دەستبكەوێت، دەبێت چاوەڕی بكەن.

ئەو لێدوانەی ئەردۆغان بەشێكی زۆری دەرچووانی زانكۆكانی تووشی نائوومێدی و دارووخان كردووە و دەڵێن: ئەردۆغان لەجیاتی ئەوەی دڵنیایی بداتە ئەو چینە بەوەی لەڕێگای بنیادنانی پرۆژەی نوێ هەوڵی بەگەرخستنیان دەدات، كەچی لێدوانی نائومێدكەرانە لەبارەی داهاتوومانەوە دەدات .

لای خۆیشییەوە ئۆپۆزیسیۆنی توركیا حكومەتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان تۆمەتباردەكات بەوەی ژمارەی راستەقینەی بێكاران دەشارێتەوە، بەتایبەتی ئەو راپۆرتانەی دامەزراوەی بەكارخستنی توركیا بڵاویاندەكاتەوە زۆر لەو ژمارەیە زیاترن، كە دەستەی ئاماری توركیا ئاشكرایان دەكات .

لەماوەی رابردوودا ، ئابووری توركیا تووشی گەلێك قەیران هات لەدیارترینیان بەرزبوونەوەی تێكرای بێكاری و هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دراوی ناوخۆیی "لیرە" و پاشەكشەی قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی لەو وڵاتە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی