كامیان بەهێزترە؟ بەراوردێك لەنێوان سوپای ئیسرائیل‌و سوپای میسر

جیهان

07/10/2019‌ 1849 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی " گڵۆباڵ فایەر بۆر"ی ئەمەریكی، بەراوردێكی لەنێوان سوپای میسر، كە پلەی ١٢ یەمینی هەیە لەسەرئاستی جیهان‌و  سوپای ئیسرائیل، كە پلەی ١٧ هەمینی هەیە لەسەر ئاستی جیهان كردووە.

بەپێی پێگە ئەمەریكییەكە، كە ١٧ زانیاری لەسەر سوپای هەردوو وڵات باس كردووە، كە جگە لە ژمارەی سەرباز و كەلوپەلی سەربازی، بەراوردەكە توانای مرۆیی و ئابووریش لەخۆدەگرێت، بەمجۆرەی خوارەوە : 

ژمارەی دانیشتووانی میسر نزیكەی ١٠٠ ملیۆن كەسە و ٤٢ ملیۆنیان هێزی مرۆیی بەردەستن، لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتووانی ئیسرائیل لە ٩ ملیۆن كەس تێناپەڕێت و تەنیا ٣،٦ ملیۆنیان هێزی مرۆیی بەردەستن .

لەمیسر ٣٦ ملیۆن كەس دەگونجێت بخرێنە بەر خزمەتی سەربازیی، ساڵانەش ١،٥ ملیۆن كەس دەگەنە تەمەنی بەسەربازگرتن، لەبەرانبەردا لەئیسرائیل تەنیا ٣ ملیۆن كەس شیاوی ئەوەن بخرێنە بەر خزمەتی سەربازی و ساڵانەش ١٢١ هەزار كەس دەگەنە تەمەنی خزمەتی سەربازی .

ژمارەی سەربازانی سوپای میسر ٩٢٠ هەزار كەسە، لەناویدا ٤٨٠ هەزار هێزی یەدەگ، هەرچی ژمارەی سوپای ئیسرائیلە ٦١٥ هەزارە و ٤٤٥ هەزاریشی یەدەگە.

بودجەی بەرگری سوپای میسر ٤،٤ ملیار دۆلارە، لەكاتێكدا بودجەی سەربازی ئیسرائیل ١٩،٦ ملیار دۆلارە.

میسر ١٠٩٢ فرۆكەی جەنگی هەیە، كە ٢١١ یان فرۆكەی جەنگی، ٣٤١ هێرشبەرن، لەبەرانبەردا ئیسرائیل خاوەنی ٥٩٥ فڕۆكەی جەنگییە و ٢٥٣ فرۆكەی هێرشبەرن .

میسر ٥٩ فڕۆكەی گواستنەوەی سەربازی و ٣٨٨ فرۆكەی راهێنانی هەیە، هەرچی ئیسرائیلە ١٨ فڕۆكەی گواستنەوەی جەنگی و ١٥٣ فرۆكەی راهێنانی سەربازی هەیە .

هێزی هێلیكۆپتەری میسر ٢٩٣ هێلیكۆپتەرە، كە ٤٦ یان هیرشبەرن، لەبەرانبەردا ئیسرائیل خاوەنی ١٤٦ هێلیكۆپتەرە، كە ٤٨ یان هێلیكۆپتەری هێرشبەرن .

میسر ٨٣ فرۆكەخانەی هەیە، كە لەخزمەتدان، ئیسرائیلیش ٤٧ فرۆكەخانەی هەیە، كە لە خزمەتدان .

ژمارەی تانكەكانی سوپای میسر ٢١٦٠ تانكە، لەبەرانبەردا ژمارەی تانكەكانی سوپای ئیسرائیل ٢٧٦٠ تانكە .

سوپای میسر خاوەنی ٥٧٣٥ زرێپۆشە ، بەڵام سوپای ئیسرائیل خاوەنی ٦٥٤١ زرێپۆشە .

هێزی تۆپهاوێژی سوپای میسر لە ١٠٠٠ تۆپی ئۆتۆماتیكی و ٢١٨٩ تۆپی مەیدان پێكدێت، لەبەرانبەردا ئیسرائیل خاوەنی ٦٥٠ تۆپی ئۆتۆماتیكی و ٣٠٠ تۆپی مەیدانە .

سوپای میسر خاوەنی ١١٠٠ مووشەكهاوێژی راجیمەیە، هەرچی ئیسرائیلە خاوەنی ١٥٠ مووشەكهاوێژە .

هێزی دەریایی میسری لە ٣١٩ پارچەی جەنگی پێكدێت، لەبەرانبەردا هێزی دەریایی ئیسرائیل لە ٦٥ پارچەی جەنگی پێكدێت .

میسر خاوەنی دوو كەشتی فرۆكەهەڵگرە، بەڵام ئیسرائیل هیچ كەشتییەكی فرۆكەهەڵگری نییە .

میسر خاوەنی ٤ ژێردەریاییە، بەڵام ئیسرائیل خاوەنی ٦ ژێردەریاییە .

هێزی دەریایی میسر خاوەنی ٩ كەشتی جۆری فرقاتە و ٧ كەشتی جۆری كۆرفیتە، كەچی ئیسرائیل هیچ فرقاتەیەكی نییە ، بەڵام خاوەنی ٤ كۆرفیتە .

میسر خاوەنی ٣١ مینهەڵگرەوەی دەریاییە، بەڵام ئیسرائیل خاوەنی هیچ مینهەڵگرەوەیەكی دەریایی نییە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی