ڕیشاڵەكان چەند جۆریان هەیەو چۆن كار دەكەنە سەر كێشی جەستە؟

تەندروستی

08/10/2019‌ 566 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ریشاڵە خۆراكییەكان رۆڵێكی گرنگیان هەیە لە كۆنترۆڵكردنی كێش و باشكردنی تەندروستی ریخۆڵەكان و ئاسانكاری دەردانی پاشەرۆو درووركەوتنەوە لە قەبزبوون .ریشاڵەكان دوو جۆرن، جۆری یەكەمیان شیاوی شیبوونەوەن و جۆری دووەمیان شیاوی شیبوونەوە نین، ئەوە  دووەمیان یارمەتی هەستكردن بە تێربوون دەدات و مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی كۆڵۆن كەمدەكاتەوە .

مرۆڤ رۆژانە پێویستی بە ٢٥ بۆ ٣٠ گرام لە ریشاڵە خۆراكییەكان هەیە، لەبەر ئەوەی گرنگە بۆ كۆنترۆڵكردنی شەكر و كۆلیسترۆڵ و كێشی جەستە. 

بڕی ئەو ڕیشاڵەی مرۆڤ پێویستییەتی هۆكاری گرنگە لەسیستەمی خۆراكی تەندروست ، لێرەدا باس لەهەندێك راستی لەسەر رۆڵی هەردوو جۆرە ریشاڵەكان و پێویستی مرۆڤ پێیان دەكەین لەوانە:
 لەسوودەكانی ئەو ریشاڵەی شیاوی شیبوونەوەن: دابەزاندنی كۆلیسترۆڵ و كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكری ناو خوێن لەڕێگای هێواشكردنی پرۆسەی هەرسكردنەوە.

لەسوودەكانی ئەو رێشاڵانەی شیاوی شیبوونەوە نین: پاككردنەوەی كۆڵۆن و ئاسانكردنی فڕێدانی پاشەرۆكان لە كەناڵی هەرسدا بۆ دەرەوەی جەستە و لەگەڵیدا بەشێك لە چەوری و شەكر، دواتر كۆنترۆڵكردنی كێش.

ئەو ڕیشاڵانەی شیاوی شیبوونەوەن بەزۆری لە پاقلەمەنییەكان و میوە و جۆو و سەوزەكاندا هەیە.

ئەو ریشاڵانەی شیاوی شیبوونەوە نین بەزۆری لە توێكڵی میوەكان و كەپەكی گەنم و برنجدا هەیە.

دەكرێت ریشاڵەكان بەجۆرێكی تریش پۆڵێن بكرێن، یەكەمیان ئەو ریشاڵانەی لەخواردنە تەواوەكاندان،  كە بەشێوەیەكی سرووشتی لە گیایەكاندا هەن، دووەم: ئەو ریشاڵانەی بۆ خواردنە دەستكردەكان زیاد كراون دوای دەرهێنانیان لە خواردنە تەواوەكان.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی