سورەتی فەتح .. قۆستنەوەی ئاین بۆ رەوایەتیدان بە شەڕانگێزییەکانی ئەردۆغان

مەلەفی تایبەت

11/10/2019‌ 1952 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەڵسوکەوتێکی نامۆ و جێ مشتومڕدا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا مزگەوت و جێگا ئاینییەکان بەکاردەهێنێت بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتی جەماوەری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دژ بە گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان .
چەند رۆژێکە هێزەکانی تورکیا دەستیان بە هێرشێکی بەرفراوان کردووە بۆسەر ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان ، کە لەسەر ئاستی جیهانی بەشێوەیەکی بەرفراوان رووبەرووی سەرکۆنە و  یسواکردن بۆتەوە .
بەبڕواى چاودێرانى سیاسى سەرۆکی تورکیا بۆئەوەی رەوایەتییەکی ئاینی بە ئۆپەراسیۆن و کردەوە شەڕانگێزییەکانی بدات و مێشکی هاوڵاتیانی ئاسایی بشواتەوە، پەنای بردۆتە بەر بەکارهێنانی مزگەوتەکان .
عەلی ئەرباش، سەرۆکی کاروباری ئاینی تورکیا لە تویتێکدا دەڵێت "داوا لە هەموو مزگەوتەکان دەکەم هەموو نوێژیی بەیانی و بەدرێژایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان سورەتی فەتح بخوێننەوە ".
ئەرباش ئاماژەى بەوەشکردوە، هەموو نوێژیکی بەیانی لەهەموو مزگەوتەکانی تورکیا و بەدرێژایی ئۆپەراسیۆنەکان ، تا ئەوکاتەی هێزەکانمان سەرکەوتن بەسەر ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا بەدەستدەهێنن سوورەتی فەتح دەخوێنین و خواش نوێژەکانمان لێقبووڵ بکات .
دوای ئەوەش ئەرباش وێنەیەکی خۆی لە تویتێکی تردا بڵاوکردەوە کە لەگەڵ چەند سەربازێکی سوپای تورکیا و هاوڵاتیان لەناو یەکێک لە مزگەوتەکاندا گرتبوویان.
هەروەک نووسیبووی "دوای نوێژی بەیانی لە مزگەوتی موغلا .. سورەتی فەتحمان خوێند و دوعای سەرکەوتنمان کرد .
چاودێران دەڵین ئەردۆغان ئامانجی لەو هەنگاوە ئەوەیە رەوایەتییەکی ئاینی بە پرۆسە سەربازییەکەی ببەخشێت و لەلایەن بەشی زۆری کۆمەڵگاوە پێشوازی لێبکرێت .
لەوبارەیەوە ، محەمەد عەبدولقادر شارەزا لەکاروباری تورکیا دەڵێت قۆستنەوەی ئاین بۆ مەرامی سیاسی بەڵگەیە لەسەر پاشخانی ئاینی ئەردۆغان .
لەلێدوانێکیدا بۆ پێگەی "سکای نیوز عەرەبی" عەبدولقادر دەڵێت " ئەردۆغان لەپاشخانێکی ئاینییەوە هاتووە ، بەتایبەت کە ئەو دەرچووی قوتابخانەی پێشنوێژ و وتاربێژانە ، کە ئەوەش بەڕوونی لە وتارەکانیدا رەنگ دەداتەوە".
باسى لەوەشکردوە، قۆستنەوەی ئاین لەبوارەکانی ژیانی گشتی ئامانج لێی دەستەبەرکردن و راکێشانی لایەنگری بنکەی جەماوەرییە .. ئەوەی سەرۆکی کاروباری ئاینی تورکی دەیکات ئاماژەیە بۆ بەخشینی سیفەتی پیرۆزی ئاینی بە پرۆسە سەربازییەکان لەدژی شەڕڤانانی کورد .
سەبارەت بە مانای سورەتی فەتح و قۆستنەوەی جێگا ئاینییەکان ، ئەو شارەزایەی کارو باری تورکیا رونیکردوەتەوە، ئێستا لە تورکیا وا وێنای ئۆپەراسیۆنەکە دەکرێت وەک ئەوەی گەرانەوە بیت بۆ ماوەی فتوحاتی ئیسلامی و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عوسمانی .. تورکیا ئێستا دەیەوێت ئەو ناوچانە فەتح بکاتەوە و مانایەکی سیمبوڵیان پێببەخشێت .

وەرگێڕانى: ئاکۆ ئاڵى
س.هـ