شارپرێس: لوقمان حاجى قادر
له‌وكاته‌وه‌ی تره‌مپ ده‌سه‌ڵاتی له كۆشكی سپی گرتۆته‌ده‌ست، داڵانه‌كانی كۆنگرێس له ده‌مه‌ته‌قێدان و پێیان وایه سه‌رۆك به سیاسه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانی واشنتۆنی له‌گه‌ڵ دۆست و هاوڕێكانییدا سه‌روژوور كردووه.
یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردوو كۆشكی سپی دره‌نگ وه‌ختانێك چه‌ند به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردن كه هێزه‌كانیان ده‌كشێننه‌وه له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا، ڕێگه‌ش له به‌رده‌م ئه‌ردۆغان دژ به كورده‌كان واڵا ده‌كه‌ن. ئه‌مه توڕه‌یی و بێزاری و ڕه‌خنه‌ی هه‌ردوو گه‌وره پارته‌كه‌ی ئه‌مریكای (كۆمارییه‌كان و دیموكراته‌كان) لێكه‌وته‌وه، تره‌مپیش خێرا به‌رپرسیاریه‌تی دۆخه‌كه‌ی له خۆی دوورخسته‌وه.
تره‌مپ له تویتێكدا وتی، "كاتی هاتووه ئه‌وانی دیكه له ناوچه‌كه به‌رپرسیاریه‌تی پاراستنی خاكه‌كه‌یان بگرێنه ئه‌ستۆ، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی وێرانكردنی ئابوروی توركیای كرد، ئه‌گه‌ر كرده سه‌ربازییه‌كانیان سنوری خۆیان ببه‌زێنن، به‌مه‌ش دۆخه‌كه ئاڵۆزتر و ده‌مه‌ته‌قێكاری زیاتری لێكه‌وته‌وه".
ئه‌م هه‌نگاوه جێگه‌ی سه‌رسامی هاوپه‌یمانانی ئه‌مریكاش بوو، له خودی ئه‌مریكاش چاودێران سێره‌یان له نیشانه‌كانی یاخیبوونێكی دامه‌زراوه‌كانی ئه‌و ووڵاته گرتووه (ده‌وڵه‌تی قوڵ= قوڵه ده‌وڵه‌ت) دژ به هه‌ندێك له‌و سیاسه‌تانه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له دۆسییه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا پیاده‌یان ده‌كات.
هه‌ماهه‌نگی و یه‌كده‌نگی هه‌ردوو پارته گه‌وره‌كه‌ی ئه‌مریكاش جێگه‌ی تێڕامانه كه پێشتر مانندی (وێنه‌ی) نه‌بووه، سه‌باره‌ت به سه‌پاندنی سزای زۆر قورس له لایه‌ن كۆنگرێسه‌وه به‌سه‌ر توركیادا، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی په‌یامێكی زۆر توندی به كۆمه‌ڵه‌وه دژ به‌و بژارده‌یه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا به كێشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی.
ئێستا كۆنگرێس له پشوودایه و هه‌فته‌ی ئاینده ده‌ست به چالاكییه‌كانی ده‌كاته‌وه، هه‌ردوو پارته گه‌وره‌كه‌ی كۆنگرێس به‌یه‌كه‌وه و به زۆرینه‌ی هه‌ر زۆری ده‌نگی ئه‌ندامه‌كانیان نیازییان وایه ڤیتۆكه‌ی تڕه‌مپ تێده‌په‌ڕێنن، بڕیاره سزای قورسیش به‌سه‌ر توركیادا بسه‌پێنن له به‌رامبه‌ر كرده سه‌ربازییه‌كه‌ی دژ به ڕۆژئاوای كوردستان، كه له وانه‌یه خودی سه‌رۆكی توركیا و چه‌نده كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ره‌كی كۆسیسته‌می حوكمڕانی توركیاش بگرێته‌وه.
هه‌ر چه‌نده تره‌مپ هه‌ڕه‌شه‌ی وێرانكردنی ئابوروی توركیای كردووه، هه‌روه‌ك پێشتر له پرسی قه‌شه جۆنسۆن دژ به توركیا كردی، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه توڕه‌یی چینه سیاسییه ئه‌مریكییه‌كه‌ی دانه‌مركانده‌وه كه توڕه‌ییه‌كی سه‌راپاگییری ڕۆژاوئاشی هاتۆته‌پاڵ هه‌ر له كه‌نه‌داوه تاوه‌كو ئوستوڕالیا و یه‌كیه‌تی ئه‌وروپا كه به كۆمه‌ڵ دژ به بڕیاره‌كه‌ی تڕه‌مپن.
ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی تره‌مپ جێگه‌ی مشت‌ومڕ و ده‌مه‌ته‌قێی فراوانن له ناو هه‌یوان و داڵانه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، هه‌ندێكیش چپه‌چپ و وورته وورتی ئه‌وه‌یانه كه ئه‌م سیاسه‌ته‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له خزمه‌ت ڕوسیادایه و به تایبه‌تیش له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
ناوه‌نده‌كانی كۆنگرێس كۆده‌نگن كه ئه‌وه‌ی تره‌مپ كردوویه‌تی یارای تێگه‌یشتن و هه‌رسكردن نییه، ته‌نها و ته‌نهاش واتای هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وزه بۆ ئه‌نقه‌ره كه كردیه‌كی سه‌ربازی دژ به كورده‌كانی ڕۆژئاوا ئه‌نجام بدات كه هاوپه‌یمانه دڵسۆزه‌كه‌ی ئه‌مریكان له سوریا.
له‌ناوخۆی ئه‌و ناوه‌نده سیاسییانه‌دا، مشتومڕی ئه‌وه هه‌یه كه ئه‌م هه‌نگاوه له‌ناكاوه به په‌له‌پڕوزه‌ی تڕه‌مپ، كاره‌ساته بۆ ناتۆ و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كه بۆته هۆی پێكدادانی دوو هاوڕێكه‌ی واشنتۆن (كورده‌كان و توركیا)، هه‌ندێك لایه‌نی كۆنگرێسیش داوای ئه‌وه ده‌كه‌ن په‌له نه‌كرێت له سه‌پاندنی سزاكان به‌سه‌ر توركیادا، نه‌وه‌كو لێكه‌وتی خراپی دژ به ناتۆ لێبكه‌ونه‌وه.
سیناتۆری ئه‌مریكی لیندسی گراهام سه‌ركردایه‌تی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی دژ به توركیا ده‌كات و به‌ڵێنی ئه‌وه‌شیدا ئه‌ردۆغان باجێكی قورسی له‌سه‌ر بدات. هه‌ندێكیش ده‌ڵێن نابێت په‌له بكرێت نه‌وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، لێره‌وه دژیه‌كییه‌ك له نێوان كۆشكی سپی و كۆنگرێسدا هه‌یه.
كریس مۆرفی كۆنرگیسمان له دیموكراته‌كان هۆشداری ئه‌وه ده‌دات كه سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر توركیادا له‌وانه‌یه درز و كه‌لێن ب‌خاته نێوان ئه‌ندامانی ناتۆوه، هه‌ر درز و كه‌لێنێكیش له به‌رژه‌وه‌ندی ڕوسیا دایه و به‌ژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له جیهاندا ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. مۆرفی پێشی وایه كۆنگرێس كارتی زۆری به‌هێزی به‌ده‌سته‌وه نین بۆ گۆڕینی ڕه‌ووتی ڕووداوه‌كان له باكوری سوریا، چونكه ئه‌م كاره په‌یوه‌سته به ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكاوه.
مۆرفی پێی وایه پارتی كۆماری كه له پرسی ئۆكرانیادا پشتیوانی تڕه‌مپن و به‌رگری لێده‌كه‌ن له ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی له‌كار بخرێت، كارتی وایان به‌ده‌سته‌وه‌یه فشار له تڕه‌مپ بكه‌ن، هه‌ندێك له چاودێرانیش پێیان وایه ده‌بێت كۆمارییه‌كان به هه‌موو قورسایی خۆیانه‌وه فشار له تڕه‌مپ بكه‌ن تاوه‌كو میتۆدی سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌موار بكاته‌وه كه بوونه هۆی تێكدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاوه به هاوڕێ و دۆسته‌كانییه‌وه.
مۆرفی ترسی ئه‌وه‌شی هه‌یه كه ئه‌گه‌ر كۆنگرێسیش سزا به‌سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌دا بسه‌پێنێت له‌وانه‌یه كۆشكی سپی بڕیاری سزادانه‌كه فه‌رامۆش بكات و خۆی لێ بدزێته‌وه. هه‌روه‌ك بڕیار بوو له به‌رامبه‌ر كڕینی كۆسیسته‌می موشه‌كی ڕووسی له لایه‌ن توركیاوه سزا به‌سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌دا بسه‌پێندرێت، كه‌چی تڕه‌مپ خۆی لێدزییه‌وه و جێبه‌جێی نه‌كرد.
تره‌مپ داواشی كردووه ئه‌ردۆغان سه‌ردانی واشنتۆن بكات، چاودێرانیش پێیان وایه مه‌به‌ستی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان بگاته سازشكردنێك كه بۆ هه‌ردوولا گونجاو بێت.
چاودێران به دووریشی نازانن ئه‌ردۆغان ئه‌وه بدا به ده‌سته‌وه بكات كه سه‌رۆكی ئه‌مریكا پێی ڕازی بێت كه ئێستا له سه‌ره‌تای هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یدایه، ئه‌ردۆغانیش پێویستی به‌و سازشه هه‌یه بۆ باشكردنی بارودۆخی ناوخۆی توركیا كه بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی له داكشان دایه.
هه‌ندێك له سه‌رچاوه دبلۆماسییه‌كانی ئه‌مریكاش ده‌ڵێن كه واشنتۆن له‌گه‌ڵ ئه‌وروپییه‌كان كه‌وتۆته گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه كه سیاسه‌تێك په‌یڕه‌و بكرێت له‌گه‌ڵ دروشمه‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا (ئه‌مریكا پێش هه‌موو شتێك) یه‌كبگرێته‌وه و ناكۆك و ناته‌باش نه‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی هاوپه‌یمانانی ئه‌مریكا له جیهاندا.