چارەنووسی داعشە هەڵاتووەکان؛ شرۆڤەکاران سیناریۆی ناڕوون باس دەکەن

جیهان

14/10/2019‌ 2350 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی 
بۆردوومانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، دەرفەتی ئەوەی بۆ چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان رەخساند لە گرتووخانە و کامپەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکان خۆیان دەرباز بکەن، بەڵام لێردەدا پرسیارێک سەرهەڵدەدات ئەویش ئەوەیە ئەو کەسانە بۆ کوێ دەچن؟.

هێزەکانی سوریای دیموکرات نزیکەی 12 هەزار داعشی دەستگیر کردووە کە سێ هەزاریان بیانین و لە حه‌وت گرتووخانەدا بەشێوەیەکی زۆر توند پاسەوانیان لێدەکرا.

ناوچەی رووبەڕووبوونەوەکان لە باکووری رۆژهەلاتی سوریا، سێ گەورەترین کامپی خێزان و ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی لێیە، کە ئەوانیش کامپی هۆل و کامپی عەین عیسا و کامپی رۆژ لە قامیشلۆ ، کە کامپی هۆل گەورەترینیانە.

پێشتر ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند کە نزیکەی 800 کەس لە خێزانی چەکدارە داعشە بیانییەکان لە کامپی عەین عیسا رایانکردووە دوای ئەوەی هێرشیان کردوه‌تە سەر پاسەوانەکان و دەرگای کامپەکەیان کردۆتەوە، کە هاوکات بووە لەگەڵ بۆردوومانی نزیک کامپەکە لەلایەن فرۆکەکانی تورکیاوە.

رۆژی هەینیش  دوای ئەوەی بۆمبێکی تورکی لەنزیک یەکێک لە گرتووخانەکانی شاری قامیشلۆ کەوتەخوار، کە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە بەڕێوە دەبرێت ، پێنج چەکداری داعش توانیان رابکەن و خۆیان دەرباز بکەن.

شارەزایانی بواری ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان چەند سیناریۆیەک بۆ چارەنووسی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان باس دەکەن ، کە دیارترینیان چوونە پاڵ سوپای تورکیا بۆ شەڕکردن لەگەڵ شەڕڤانانی کورد.

هەروەک لەناو سیناریۆ پێشبینیکراوەکان بریتییە لە درووستکردنی شانەی نووستوو لەناو سوریا یان لەسەر سنووری عێراق و سوریا، یان گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان و هەوڵدان بۆ درووستکردنی شانەی نووستوو.

واسیق هاشمی، سەرۆکی گرووپی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەکان وایدەبینێت کە کارتی داعش لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بەکاردەهێنرێت و بەئامانجی پاکتاوکردنی هەق و حساب لەگەڵ لایەکانی تر سوودی لێوەردەگرن.

هاشمی بەدووری نازانێت ئەو داعسە راکردووانە بچنە پاڵ هێزەکانی تورکیا بۆ شەڕکردن لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە سوریا، کە تورکیا بە دوژمنی خۆیانیان دەزانێت .

داعش ئێستا لەژێر سایەی هێرشەکانی تورکیا دەرفەتی ئەوەی بۆ هاتۆتەوە پێش دەست بە چالاکی بکاتەوە، کە چاودێران دەڵێن مەترسی گەورە کاتێک دەبێت کە دەرگای گرتووخانەکان بەڕووی چەکدارانی داعش و فەرماندەکانیان دەکرێتەوە.

هاشمی دەڵێت، وڵاتانی جیهان وازیان لە جەنگی دژی داعش هێناوە و هیچ پرۆسەیەکیش نییە بۆئەوەی ئەو ژن و منداڵانە وەربگیرێنەوە کە دەستگیرکراون ... جگە لەوەی هیج پرۆسەیەکیش نییە بۆئەوەی مێشکی ئەو منداڵ و خیزانانانە لە بیری توندرەوی بشواتەوە و جارێکی تر بیانگێرنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە لەکۆتاییدا دەڵێت، "ئەو ژن و منداڵانەی چەکدارانی داعش وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو وان و بەشێوەیەکی ترسناک لەدژی وڵاتانی ناوچەکە بەکاردەهێنرێن".