نامەیەک لە نوێنەرایەتی رۆژئاواوە بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

کوردستان

15/10/2019‌ 11114 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جاویدان کمال، ئەندامی نوێنەرایەتی ڕۆژائاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان نامەیەک ئاڕاستەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت بە دانیشتنی ئەمڕۆی کە تایبەت بو بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان.

جاویدان کمال لە نامەکەدا رایگه‌یاندووه‌، "دەمەوێ پێتان بڵێم، ئێوە تەنها نوێنەرایەتی خەڵکی باشور ناکەن ئێمەش لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ئێوە بەنوێنەری خۆمان دەزانین".

هەروەها پرسیاری ئەوەش دەکات"بۆچی لە ١٢ ڕاسپاردەکەی ئەمڕۆ ناوی تورکیا نەهێنرا؟، ئایا لە تورکیا دەترسن دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دابخات؟".

راشیگه‌یاندووه‌، "ھەرچەند مایەیی دلخۆشی بوو کە ھەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان یەک دەنگ بوون بۆ پشتیوانی رۆژئاوایی کوردستان، ھیوادارم ئەو خالانەی لەسەر رێکەوتون بە تایبەتی ھەولدانی دیبلۆماسی بۆ وەستاندنی ئەم کۆمەل کوژیە کە ئاراستەی گەلەکەمان کراوە. لەگەل ئەوەشدا بیرتان نەچێ بەھەموو دونیا بلێن ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان **(کێشەی ئاو و خۆراکمان نیە ، بەلکو برسی و تینوی ئازادی و سەرفرازین )".


دەقی نامەکە:

"نامه یه ك بۆ بەرێز ... پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان وە ئەندامانی کە ئەمرۆ لە بەرواری ٢٠١٩/١٠/١٥ دانیشتن

سەرەتا دەست خۆشیتان لێ ئەکەم بۆ ئەم ھەلوێستەی ئەمرۆتان بۆ یارمەتیدان و پاراستنی رۆژئاوایی کوردستان، هه ر لێره وه ئەمەوێ پێتان بلێم ،کە ئێوە تەنھا نوێنەرایەتی خەلکی باشور ناکەن ئێمەش لە پارچەکانی تری کوردستان ئێوە بە نوێنەری خۆمان ئەزانین، وە دلنیاشتان ئەکەمەوە کە بە نەوەی نوێی کورد نالێین کە ئێوە لە بیر خۆتان بردۆتەوە کە "(تورکیا)" یە ھێرش ئەکاتە سەر رۆژئاوایی کوردستان و ئەیەوێت داگیری بکات و گۆرانکاری دیموغرافی بەدیھێنانی جینۆساید و ئەنفالی دیکە لە سەر گەلی کورد دروست بکات .. بەلکو پێیان ئەلێین لە بیرتان چووە ،بەلام ئێمەش دلنیاین کە خەلکی باشوری کوردستان کە دەنگیان بە ئێوە داوە لە بیریان نەچوە کە "(تورکیا)" یە ئەو تاوانە قێزەونە ئەکات لە نیشتمانەکەمان.

لەگەل ئەمەشدا پرسیارێکم لا دروست ئەبێت ...! {بۆچی له ۱۲ راسپارده کانی ئەمرۆ ناوی "(تورکیا)" نەھێندرا ؟!... ئایا ئەترسن کە (تورکیا) دەروازەی ابراھیم خەلیل دابخات؟!... یان ... ئەترسن تورکیا ھێرش بکاتە سەر باشوری کوردستان و داگیری بکات ؟! خۆ ھاولاتیانی کوردستان کەمپینی بایکۆتی کرینی کالایی تورکیان راگەیاندووە ، ھەرچەند ئێمە پێمان وایە تورکیا لە رۆژئاوایی کوردستان ناوەستێ بەلکو گەمارۆیی لەسەر باشوریش توند تر ئەکات ... 'خۆ تورکیا بەشێک لە خاکی ھەرێمی کوردستانی داگیر کردووە وە بنکە سەربازیەکی یەک جار زۆری ھەیە '

ھەرچەند مایەیی دلخۆشی بوو کە ھەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان یەک دەنگ بوون بۆ پشتیوانی رۆژئاوایی کوردستان، ھیوادارم ئەو خالانەی لەسەر رێکەوتون بە تایبەتی ھەولدانی دیبلۆماسی بۆ وەستاندنی ئەم کۆمەل کوژیە کە ئاراستەی گەلەکەمان کراوە. لەگەل ئەوەشدا بیرتان نەچێ بەھەموو دونیا بلێن ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان **(کێشەی ئاو و خۆراکمان نیە ، بەلکو برسی و تینوی ئازادی و سەرفرازین )."

لە گەل رێزدا

جاویدان كمال 15/10/2019