بۆچی دەبێت ئافرەتان لەکۆتایی سکپڕیاندا لەخەوتن لەسەر پشت دووربکەونەوە ؟

تەندروستی

16/10/2019‌ 325 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانکۆی ئۆکلاند دەڵێت ئەو ژنانەی لەماوەی سێبەشی کۆتایی ماوەی دووگیانییەکەیاندا لەسەر پشت دەخەون ئەوە ئەگەری ئەوەیان هەیە زیاتر منداڵی کەمکێشیان ببێت .

لێکۆڵینەوەکە پشکنینی بۆ شێوازی نووستنی زیاتر لە ١٧٠٠ ئافرەت کردووە کە لانیکەم لە هەفتەی ٢٨ ی ماوەی دووگیانییەکەیاندا بوون ، تێبینیان کردووە کە کێشی ئەو منداڵە تازە لەدایکبووانەی لەو دایکانە بوون کە لەسەر پشتیان خەوتوون گەیشتۆتە ٣،٤١ کیلۆگرام کە بەوە کێشیان  ١٤٤ گرام لە ٣،٥٥ کیلۆگرام کەمترە کە منداڵی ئەو دایکانەیە کە لەسەر یەکێک لە لاکانیان خەوتوون .

بەگوێرەی زانکۆی میشیگان ، هەرچەندە ناوەندی کێشی منداڵ لەکاتی لەدایکبووندا نزیکەی ٣،٥ کیلۆگرامە ، بەڵام کێشی نێوان ٢،٥ بۆ ٤،٥ کیلۆگرامیش بە کێشێکی ئاسایی هەژمار دەکرێت .

لێکۆڵەران دەڵێن هۆکاری کەمی کێشی ئەو منداڵانەی دایکیان لەو ماوەیەدا لەسەر پشت دەخەوێت بۆ کەمی چوونی ئۆکسجین و ماددە خۆراکییەکانی تر بۆ منداڵەکە لەناو منداڵدانی دایکیدا  دەگەڕێتەوە کە بەوە گەشەی منداڵ سنووردار دەکات .

هەروەک بەپێی ئەنجامی چوار لێکۆڵینەوەی پزیشکی دەرکەوتووە کە پەیوەندی هەیە لەنێوان ئەو شێوازە خەوتن و لەبارچوونی منداڵەوە .


وەرگێران : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی