نامەی هاوسەری سەربازێكی ئەمریكی بۆ شەڕڤانانی كورد

کوردستان

19/10/2019‌ 3955 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن: هاوكار حسێن
كەناڵی سی ئێن ئێن، نامەی ژنی سەربازێكی ئەمریكی بۆ شەڕڤانان بڵاوكردۆتەوە، منیش وەك خۆی كردم بەكوردی، دەقە ئینگلیزییەكەی لەكۆمێنت دادەنێم.

جەنگاوەرە كوردە ئازیزەكان
ئێوە من ناناسن. بەڵام لەهەڕەتی لاوێتیمەوە، من ئێوە دەناسم. هەر دوای ئەوەی من و هاوسەرە سەربازەكەم هاوسەرگیرییمان كرد، درككمان بەوە كرد كە بۆ شەڕی داگیركردنی عێراق لەساڵی 2003، رەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت. 

ترس دایگرتبوم لەوەی داخۆ هاوسەرەكەم و یەكە سەربازییەكەی توشی چی دەبن كاتێك دەگەنە ئەوێ.

ترس لەوەی شەڕەكە تا چ رادەیەك نەگریسە؟ چەند دەخایەنێت؟ ئایا هاوسەرەكەم نەجاتی دەبێت؟

دوای چەند مانگێك مێردەكەم گەڕایەوەو ئەزمونی خۆی لەوبارەوە بۆ گێڕامەوە. پرسیارملێكرد كە ئاخۆ چۆن ئاوا رزگارتان بوو؟ وتی: "بەهانامانەوە هاتن، كوردەكانمان لەپشت بوو".

ئەو چیرۆكانەی بۆ گێڕامەوە كە چۆن كوردەكانی باكوری عێراق پشتیوانی هێزەكانیان كردون، رێنوێنیان كردون، هاوهەڵوێستیان بوون، لەشەڕەكاندا شان بەشانی هێزەكانی ئەمریكا شەڕیانكردوە و بونەتە دۆست و هاوپەیمان. بۆیە منیش سوپاسگوزاربوم، لەرادەبەدەر و بەردەوام و بۆ هەتایە سوپاسگوزاری ئێوەم.

لەو رۆژەوە، وشەی "كوردەكان" لەماڵی ئێمەدا مانای خۆی وەرگرتوە. مانای "هاوپەیمان" و "دۆستایەتی" وەرگرتوە. لەماڵەكەماندا ژمارەیەك وێنەی كوردەكانی عێراق هەن كە لەتەك هاوسەرەكەم و هاوڕێ سەربازەكانیدا وەستاون. كەمۆڵەیەكی قاوەخواردنەوەم هەیە وێنەی چەند ژنەشەڕڤانێكی كوردی لەسەرە كە بەشانازییەوە بەكاریدەهێنم بۆ وەبیرهێنانەوەی ئێوە. منداڵەكانمان بەتیشێرتی كوردستانەوە یاری دوگۆڵی دەكەن.

كوردەكان بێناسنامە نین، بێ روخسار نین لەسەرتاسەری دنیادا. ئێوە پێگەیەكی پڕ شەرەف و نەجابەتتان هەیە لەماڵی ئێمەدا. بۆ من گرنگە ئێوە درك بەمە بكەن. من زۆر قەرزارباری ئێوەم. پاش چەندان ساڵ شەڕ، ئێستا مێردەكەم بەسەلامەتی لەماڵەوەیە، دەزانم ئەمەش لە لوتف نواندنی ئێوەوەیە.

بەڵام ئێستاكە بەترسەوە تەماشای هەواڵەكان دەكەم. پەیمانشكێنی بەدیدەكەم، پێشكەوتنەكان داڕمان، بە تویتێك ئەو هەموو ساڵی رەنج و قوربانیدانە بێشومارە بەباچوو. دەبینم هاوپەیمانەكان خیانەتیان لێكرا، روخساریان لەنێو چوارشێوی وێنەكانی ماڵەكەمدا بەدیدەكەم. كاتێك تەماشای هەواڵەكان دەكەین، منداڵەكانم هەڵدێن بۆلام و لێمدەپرسن: ئەوە دۆستەكانمانن؟ دەڵێم: بەڵێ. دیمەنی حەپەسان لە روخساریاندا بەدیدەكەم.

ناتوانم بیهێنمە پێش چاوم كە ئاخۆ خێزانەكانتان چۆن رێدەردەكەن. ناتوانم مەزەندەی ترسەكانیان بكەم. ناتوانم ئەم هەموو شته بێنمە پێش چاوم، چونكە ئێوە بەدرێژایی 17 ساڵی رەبەق یارمەتی ئێمەتان دا و پەتای شەڕێكتان لەخاكی ئێمە دورخستەوە كە ئێستا وا لەملی خۆتان ئاڵاوە. ئەمە دڵشكێنە.

لەو شوێنەی منی لێم، وەعد و بەڵێن مانای خۆی هەیە. شەرەف و كەرامەتمان هەموو شتێكە، لێم رونە هەمان شتیش بۆ ئێوە راستە. باسوخواسی رۆژنامە جیهانیەكان لەبارەی ئەوەی كە وڵاتەكەی من (ئەمریكا) كوردەكانی فەرامۆشكردوە، زۆر دڵڕەنجێنەرە.

بڕیاری هەڵەشەی لەمشێوەیە نەك تەنها خەڵكەكەی ئێوەی خستۆتە مەترسیەكی تۆقێنەرەوە، بەڵكو رەوشەكەی بۆ سەربازەكانی خۆشمان لەو ناوچە سنوریانەی نێوان سوریا-توركیا، هێندەی تر ئاڵۆزكردوە. مێردەكەم بۆ ماوەیەك لەگەڵ ئێوە بوو لەو ناوچە سنورییەدا و جا نازانم داخوا خێزانی سەربازەكانی خۆمان ئێستا هەستیان چۆنە.

مەسەلەكە هەر سەلامەتی نیە، بەڵكو زۆر سەختە بزانیت كە ئاخۆ چەندە قورسە لەسەر دڵی سەربازەكانمان كاتێك گوێیان لە دۆستەكانیان دەبێت هاواری بەهاناچون دەكەن و رێگەیان پێنادرێت بچن بەدەمیانەوە. هەروەك ئەوەش ناخۆشە كە دەبینین ئێوە باتانداوەتەوە بۆلای پوتین و رژێمەكەی ئەسەد، بەهۆی ئەوەی چیتر ناتوانن متمانە بەبەڵێنەكانی ئەمریكا بكەن.

من نیگەرانی سەلامەتی خۆتان و خێزانەكەتانم. نیگەرانی ئەو ناسەقامگیرییەی ناوچەكە و داهاتوەكەیم. نیگەرانم لەوەی بەهەوڵێكی زۆر هەزاران ئەندامی داعشمان خستە زیندانەوە، بەڵام ئێوە بەهۆی بەرگریكردنتان لەخۆتان، نەتانپڕژێتەر سەر پاراستنیان. ناتوانم مەزەندەی ئەو مەترسییە بكەم كە ئێستا هەڕەشەیە بۆسەر هەموومان. مێردەكەم كە هەموو ئێوارانێك لەهەواڵەكان دەڕوانێت، لەسەر روخساری تێڕامانێك بەدیدەكەم كە دەڵێت: " داوای لێبوردن دەكەم".

ئەمڕۆ، من لەبری خانەوادەكەم ئەم نامەیەتان بۆ دەنوسم و سوپاستان دەكەم بۆ هەموو ئەوەی كردتان بۆ ئێمە. سوپاس بۆ دۆستایەتیتان، بۆ بردنەسەری بەڵێنەكانتان، بۆ هاوسەنگەریتان لەگەڵ ئێمەدا، بۆ بەردەوامیتان لەسەر ئەو رێبازە. سوپاس بۆ پاراستنی مێردەكەم و بەسەلامەتی گەڕانەوەی بۆ لای من و منداڵەكانم. ئەمڕۆ منیش دەست بەدوعام بۆتان كە ئێوەش بەسەلامەتی بگەڕێنەوە ناو خاووخێزانتان. سوپاس بۆ خانەوادەكانتان كە لەنەبونی ئێوەدا قوربانیان بەخۆیان داوە، كە ئەمەش وایكرد ئەو هاوبەشێتیەی نیوانمان بێتەئاراوە.

نزادەكەم بگەڕێینەوە بۆلاتان، بێینەوە شان بدەینەوە بەر شانتان و ئەم هەموو رەنجە بەفیڕۆ نەڕوات.

لەگەڵ ئەوپەڕی رێزم
ژنێكی سوپاگوزار