یەكێتی داوا لەسویدو ئەوروپا دەكات هەڵوێستی تر بەرانبەر توركیا رابگەیەنن

کوردستان

19/10/2019‌ 839 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی لەگەڵ ئەڤین ئینجیر ئەندامی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپاو كادر كەسیرگە ئەندامی پەرلەمانی سوید لەسەر فراكسیۆنی سۆسیال دیموكراتەكان كۆبوونەوەو داوای پشتگیرییان بۆ رۆژئاوای كوردستان كرد.

بەپێی راگەیەنراوێك لەكۆبوونەوەكە، عومەر فەتاح كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ستایشی هەڵوێستی گەل‌و حكومەت‌و پەرلەمانی سویدی كرد، كە هەمیشە پشتیوانی گەلی كوردستان بوون، جەختیشی كردەوە لە سەر ئاستی ئەوروپا هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان لە ڕۆژئاوا و راگرتنی شەڕو پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارەكان. 
  
كارگێڕی مەكتەبی سیاسی راشیگەیاند، یەكێتی پەرۆشی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانە لەگەڵ سوید، بەجۆرێك جگە لە بواری سیاسی، سوید لە بواری ئابوری‌و بەتایبەتی پیشەسازی لەهەرێمی كوردستانیش بەشدار بێت. 
  
هەروەها سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاندووە، سوپاسی پەرلەمانی سوید دەكەین، كە هەڵوێستێكی ڕاشكاوانەی هەبوو لە پشتیوانیكردنی رۆژئاواو راگرتنی شەڕدا.
\
داوایشی كرد، سوید كۆمەكی مرۆیی پێشكەش بە ئاوارەكانی رۆژئاوا بكات‌و لەسەر ئاستی ئەوروپایش هەوڵی كۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ گەلی كوردستان لە رۆژئاوای كوردستان بكەن.

لای خۆیانەوە وەفدی سوید پەرۆشی خۆیان پیشاندا بۆ بەهێزتر كردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا و رۆڵی یەكێتی-یان بەگرنگ زانی بەهۆی ئەو پەیوەندییە لەمێژینەیەی لەگەڵ سۆسیال دیموكراتەكانی ئەوروپاو سوید بەتایبەتی هەیەتی. 
   
هەروەك ئاشكرایان كرد حكومەتی سوید بەبڕی دە ملیۆن دۆلار كۆمەكی مرۆیی پێشكەش بە ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكات. راشیانگەیاند " لە سەر ئاستی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا هەوڵەكانیان چڕ كردۆتەوە بۆ پشتیوانی گەلی كوردستان". 
  
لە پەرلەمانی سوید شەش پەرلەمانتاری كورد هەیە، كە چواریان سەر بە حیزبی سۆسیال دیموكراتە، لە پەرلەمانی ئەوروپا سوید بیست كورسی هەیە، كە پێنج كورسیان سەربە سۆسیال دیموكراتەكانە‌و دووانیان كوردن. 

وەك كاردانەوەیەكیش بەرامبەر بە لەشكركێشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، سوید بڕیاری راگرتنی فرۆشتنی چەكی بە توركیا داو تاوتوێ دەركردنی سزای تریش دەكات. 

هـ ـ ح