خوێندنەوەی ئەردۆغان بۆ ڕای گشتی ئەمریكی هەڵەبوو

کوردستان

20/10/2019‌ 3608 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فشاری ڕای گشتی ئێجگار گرنگە، بۆیە هەمیشە دەوڵەتە دیموكراسییەكان بەهەندی وەردەگرن، لەوەش‌ گرنگتر ئەو ڕۆڵەیە كە رایگشتی دەیگێڕێت لەپرسی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی وڵاتدا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لە تێگەیشتنی ئەو ڕاستییەدا شكستخواردوو بوو، بۆیە هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەت و بیرۆكراسییەتەكەی لێكهەڵوەشاندن، پێشی وابوو پەیوەندییەكەی‌ لەگەڵ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكادا، بەسە بۆ تێپەراندن و دەربازبوون لەهەموو تەنگژە و گرفتەكانی، بە تەنگژەی سوریاشەوە.

ئەنجامی بیركردنەوە و ڕەفتارەكانی ئەردۆغان باجەكەی توركیا دەیدات، پێشتریش باسكراوە، كە باجی كارەكانی سیستەمە تاكڕەووەكان گەلان دەیدەن، ئەمرۆش كاتی ئەوە هاتووە ئەو باجە بدەن.

نەوسنی و چڵێسی پیاوە تاكڕەوەكەی توركیا، كە ئۆپۆزسیۆنێك تۆكمەی نییە، بە تەواوی دەوڵەتی هێناوەتە سەر لێواری هەڵدێرانێكی مەترسیدار، ڕای گشتی توركیا لەو بارەوە لە گوێی گادا نووستبوو، بەڵام ڕۆژێك دێت، كە كار لەكار ترازاوە، ئەو ڕاستییە تاڵەی بۆ ڕوون دەبێتەوە، ئەو كاتیش ئەردۆغان دەڵێت: هەلەكەمان لەدەستچوو و ئێستاش هیچمان پێ ناكرێت...

ئەزموونی یوگسلافیای ساڵی 1991 پەندێكی گەورەیە بۆ ئێمە لێیەوە فێربین، ئەو كات ئەمریكا و ناتۆ دوای 8 ساڵ ئەوجار دەستتێوەردانیان كرد، ئەو شەڕە ناوخۆییەی یوگسلافیا، ڕاستەوخۆ بەلای ئەمریكاوە گرنگ نەبوو، چونكە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆی وەك جەنگی داعشی ئەمڕۆ بۆ سەر ئەمریكا نەبوو، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی كاریگەری ڕای گشتی ئەمریكی و بڵاوبوونەوەی هەواڵەی كۆمەڵگوژی و ڕەشەكوژییەكان و دۆخەكانی لاقەكردن، بیل كلینتۆنی سەرۆكی ئەوسای ئەمریكا، ناچار بوو دەستتێوەردان لەو جەنگەدا بكات.

دۆخی ئەمجارەی سوریا بۆ ئەمریكا تەواو لە دۆخی ئەوسای یوگسلافیا جیاوازە، چونكە وێناكردنی ڕای گشتی ئەمریكا وایە، كە ئەردۆغان نوێنەرایەتی ئیسلامی سیاسی دەكات لەجیهاندا و هێرشی كردووەتەسەر كوردە عەلمانییەكان...

هەر بە ڕاستیش لەم ماوانەی كۆتایدا، ڕای گشتی ئەمریكا بە گرنگیپێدانێكی زۆرەوە چاودێری ئەو هاریكارییە توندوتۆڵ و پتەوەی‌ كردووە، كە لە نێوان ئەمریكا و جەنگاوەرە كوردەكاندا هەیە، كە بە گیانبازییەكی بێوێنەوە بەرەنگاری ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش بوونەوە، كە ترس و تۆقاندنی لە جیهانی ڕۆژئاوا‌دا بڵاوكردبووەوە و دەستیشی لەهاووڵاتیانی ئەو ووڵاتانەش نەپارستووە.

هاووڵاتییە ئەمریكییەكان لە گۆڤارە پێشەنگ و ڕۆژنامە بەناوبانگەكانی جیهانی ڕۆژنامەگەریدا، چیرۆكی پاڵەوانییەتی و چیرۆكی كچە‌ شەڕڤانە كوردەكانیان خوێندبووەوە، كە ئازایەتییەكی بێ وێنەیان نواندووە لە جەنگی دژ بە داعشدا. لە لایەكی دیكەشەوە هاووڵاتی ئەمریكی و لە هەمان میدیاوە گوێبیستی رۆڵی توركیا بووە لە پشتیوانیكردنی داعش و كردنەوەی سەربازگە بۆ ئەو ڕێكخراوە تیرۆرستییە لە ناو خاكی توركیادا و چەكداركردنیان لە ژێر سایە و پاساوی یارمەتیدانی مرۆییەوە.

بۆیە دەكرێت بڵێم ئەردۆغان، كە گڵۆپی سەوزی لە لایەن دۆناڵد تڕەمپەوە بۆ داگیرسێندرا لە كردە سەربازییە داگیركارییەكەی سوریادا، هەر لە سەرەتاوە ئەو جەنگەی دۆڕاندووە، هەتا ئەگەر واش دەركەوێت كە لە سەرەتادا جەنگەكەی بردۆتەوە.

لە ڕای گشتی ئەمریكادا ئەوە باو بوو كە پارێزەرە تایبەتەكەی تڕەمپ و ڕودی جۆلیانی سەرۆكی شارەوانی پێشووی نیویۆڕك، كاریگەری زۆریان بەسەر بریارەكانی تڕەمپەوە هەیە سەبارەت بە تەنگژەی سوریا. دیارە كە پرسی ئۆكرانیاش لە نێو دامەزراوە حكومییەكانی ئەمریكادا دەربارەی پاڵەوانی‌ ئابڕووچوونە گەورەكە هەڵایەكی زۆری لێكەوتەوە. داتا دزەپێكراوەكان باس لەوە دەكەن كە ئەردۆغان لە ڕێگەی خودی نێوەندگیری جۆلیانەوە ئەو پەیوەندییە پتەوەی لەگەڵ تڕەمپدا دروست كردووە.
 
ئەردۆغان كە خۆی بە شەریك و برابەشی تڕەمپ دەزانی، تووشی كۆمەڵێك گرفت شۆك بوو، وەك گرفتی "هاڵك بانك" و دواتریش تەنگژەی سوریا، لە یەكەمیاندا سزای ئابووری بەسەر ئەنقەردا سەپێنرا، كەچی سەرباری ئەوەش بیرات ئەلبیراق، دوای چاوپێكەوتنی لەگەڵ تڕەمپ لە ئیپڕیلی ڕابردوو لە كۆشكی سپی ووتی دانیشتنەكەی لەگەڵ تڕەمپ سەبارەت بە پرسی سزا ئابوورییەكانی سەر توركیا ئێجگار باش بووە. دواتر چی ڕوویدا؟ بینیمان كە "هاڵك بانك" ئێستا لەژێر باری ملیارەها دۆلار قەرز دەناڵێنێت.. كەواته چی لە پرسەكە گۆڕا؟ :

جۆلیانی كە كاریگەری بەسەر بڕیارە سیاسییەكانی تڕەمپەوە هەبوو،‌ وەك كۆهینی پارێزەرە تایبەتەكه، بە تەواوی لە بازنەی بڕیاردانی دەوروبەری سەرۆك دوورخرایەوه.

میدیاكانی ئەمریكا دەستیان كرد بە بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتی میدیایی پشتیوانیكردن لە كوردەكان، هەموو ئەوانە‌ی لە تەلەفزیۆنەكانەوە دەردەكەوتن لە ئەفسەری خانەنشینكراو و ئەندامانی كۆنگرێس، بەشان و باڵایی كوردیان هەڵدەگووت و پێیان دەگووتن "هاوڕێی چەك... ئەوانەی گیانی خۆیان بەخشی و لە پێناو ئێمەدا 11 هەزار شەهیدیاندا... هاوڕێكانمان كە تووشی كوشت و كوشتاری توركەكان بوون". بۆیە لەوساوە هیچ كەسێك باوەڕی بەو بۆچوونەی ئەردۆغان نەكرد كە دژ بە كوردەكان ئاراستەی ڕای گشتی توركیای دەكرد.

دوای دۆرانی یەكەمی ئەردۆغان لە پرسی قەشە بڕۆنسۆندا، بۆ جاریكی دیكەش و لە پرسی سوریاشدا سەرۆكی توركیا پرسەكەی دۆڕاند، بۆیە كڵیسای ئینجیلی كە لە گەورەترین كڵێساكانی پشتیوانیكردنی تڕەمپە، بەڕاشكاوی پشتیوانی خۆی بۆ كوردەكان دەربڕی، بێگومان پەرەسەندنێكی لەم جۆرە كاریگەرییەكی مەترسیداری بەسەر تڕەمپەوە دەبێت، لەوانەشە وەزیری داد كە لەو ماوەدا پرسی "هاڵك بانق" جوڵاند، مەبەستی دامركاندنەوە و هێوركردنەوەی ئەو شەپۆلە ناڕەزاییە بووبێت كە لە ئەمریكا دژ بە ترەمپ سەریهەڵدا بوو.

پوختەی قسە ئەوەیە: 
كۆنگرێسی ئەمریكا لە حاڵی حازردا هیچ متمانەیەكی بە توركیا نەماوە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە‌ لە هەر ئان و ساتێكدا توركیا ڕووبەڕووی سزای ئابووری ئەمریكا ببێتەوە و ڤیتۆكەی تڕەمپیش بایەخێكی نەمێنێت بۆ بەرلێگرتنی ئەو سزایانە، لەوانەیە سزاكان خودی ئەردۆغانیش بگرێتەوە، ئەو كاتیش سەخت دەبێت بۆ تڕەمپ ئەو سزایانە بوەستێنێت.

پێم وایە دۆخی ئێستای توركیا زۆر لە دۆخی سەدام حوسێن دەچێت كاتێك كوەیتی داگیر كرد، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لەو ماویەەی دوایدا، دۆخی توركیا زۆر خراپتر بێت. لە لایەكی دیكەشەوە ئەو وێنانەی لە میدیاكانەوە بڵاودەكرێنەوە و تایبەتن بە هاووڵاتییانی مەدەنی لە سوریا، دوژمنایەتی ڕای گشتی جیهانی دژ بە  توركیا زیاتر دەكەن. 

لە كۆتایشدا، داوا لە هەموو ئەوانە دەكەم كە پێیان وایە كوردەكان هەلی دامەزراندنی فەرمانڕەواییەكی ئۆتۆنۆمییان لەكیسچووە، دووبارە بیر لەو بۆچوونەیان بكەنەوە، بیر لەوەش‌ بكەنەوە مەودای ئەو زیانانە چەندە دەبن كە لە ماوەی ئایندەدا ڕووبەڕوی توركیا دەبنەوە.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا 
نووسین: ئەرغۆن باباهان
 وەرگێران: لوقمان حاجی قادر