بەراوردێك لەنێوان قەناسی "حەیدەر"ی ئێرانی‌و "ئێم ٨٢"ی ئەمەریكی

جیهان

22/10/2019‌ 2477 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێران كار لەسەر پەرەپێدانی چەكی ناوخۆیی دەكات لەنموونەی موشەك و كەشتی جەنگی و فرۆكەی بیفرۆكەوان، سەرباری پەرەپێدانی تفەنگێكی تیرئەنداز قەناس، كە دەوترێت مەوداكەی دەگاتە ١٦٠٠ مەتر .

گۆڤاری "ناشیۆناڵ ئینتێرست"ی ئەمەریكی بڵاویكردەوە، لە نیسانی ٢٠١٧ ئێران تفەنگێكی تیرئەندازی عەیار ٥٠ و نیوە ئۆتۆماتیكی ئاشكراكرد، كە ناوی "حەیدەر"ی لێنراوە .

گۆڤارە ئەمەریكییەكە روونیكردووەتەوە، مەودای تیرئەندازە ئێرانییەكە هیچ كەمتر نییە لەتیرئەندازی ئەمەریكی " Barrett M82 ". 

بەڵام باسی لەوە كردووە، كە چەكە ئێرانییەكە كێشەكەی زیاترە لە ١٦ كیلۆگرامە، بەوەش نزیكەی ٨ كیلۆگرام لە قەنناسە ئەمەریكییەكە قورسترە .

گۆڤارەكە بڵاویشیكردەوە، ئەو چەكە ئێرانییە رەنگە بۆ هەندێك هێزە نیمچە فەرمییەكان نموونەیی بێت، كە پێویستیان بەوەیە لە گۆرەپانی جەنگ بەكاریبهێنن .

سەبارەت بەلێهاتوویی تیرئەندازە ئێرانییەكە گۆڤارە ئەمەریكییەكە ئەوەشی بڵاوكردەوە، چەكە ئێرانییەكە زۆر بەهێزە، بەڵام بەكارهێنانی لەكاتی جەنگدا زۆر ئاسوودە نییە، سەرباری ئەوەی زۆر قورسە .

ناشیۆناڵ ئینتێرست هەروەها بڵاویكردەوە، ئێران كار لەسەر دروستكردنی ئەو چەكە تایبەتانەی خۆی دەكات، كە بەكارهێنانیان بەربڵاوە، ئەویش فیشەكی روسی عەیار ١٢،٧ ملیمییە، كە دەتوانرێت بەئاسانی دەستی بەو تەقەمەنییە بگات .


وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی