توركیا ترسی هەیە ئەمریكا بەڵێنەكانی نەباتە سەر

جیهان

22/10/2019‌ 1783 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەولود چاویش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا رەخنەی لە پابەندبوونی ئەمەریكا گرت سەبارەت بە رێكەوتنی نێوانیان بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای كوردستان و وتی: توركیا یەك بژاردەی لەبەردەمدا ماوە ئەویش بەردەوام بوونە لەسەر پرۆسەی "كانی ئاشتی".

وەزیری دەرەوەی توركیا لەمیانی كردنەوەی خولی سێیەمی كارەكانی "كۆڕبەندی جیهانی" كە كەناڵی " TRT WORLD" بڵاویكردەوە وتیشی: ئەمەریكا لەكاتێكدا لەگەڵ توركیا كار دەكات بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لەسەر سنووری سوریا، كەچی هێشتا بەردەوامە لە پڕچەككردنی یەپەگە.

چاویش ئۆغڵو پرسیاری ئەوەی كردووە، كە بۆچی ئەمەریكای هاوپەیمان لەدوای بەزاندنی داعشیش شەڕڤانانی كورد پڕچەك دەكات؟ هەروەها وتی: وادیارە ئیدارەی ئەمەریكی بەڵێنەكانی ناباتە سەر.

سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاراستەی توركیا دەكرێت بەوەی لەهێرشەكانی بۆسەر شەڕڤانانی كورد چەكی قەدەغەكراوی بەكارهێناوە، چاویش ئۆغڵو ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە و وتی: توركیا لەمێژووی خۆیدا چەكی كیمیایی بەكار نەهێناوە و ئەوە بانگەشەیەكی رەشە و ئێمە خاوەنی ئەو جۆرە چەكە نین .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی