ئەڵمانیا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام دۆخەكە لەتوركیا قورس دەكات

کوردستان

22/10/2019‌ 3379 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێناچێت دۆخەكە بۆ پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا سوك و ئاسان بێت، لەكاتێكدا ئەو پارتە خەریكی جێبەجێكردی پڕۆژەی دامەزراندنی ناوچەی ئارامە لەژێر كۆنترۆل و هەژموونی خۆیدا.

ئێستا ئەڵمانیا بەپەلە و لەناكاو، بە فەرمی هاتووەتە سەر خەت بۆ سەرەوژووركردنی پلانەكانی حكومەتی توركیا، لەو بارەوە ئینیجریت كرامب - كارنباوری وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، داوای دامەزراندنی ناوچەیەكی نێودەوڵەتی ئارامی كردووە لەسەر سنوورەكانی توركیا.

ئەو هەڵوێستەی ئەڵمانیا‌ لەلێدوانێكی وەزیری بەرگریدا دەركەوت، كە لە جێگەی مێركڵ بووە سەرۆكی پارتی مەسیحی دیموكراسی ئەڵمانی، كاتێك بۆ ئاژانسە هەواڵییەكانی ئەڵمانیا وتی: لەگەڵ مێركڵ لەو بارەوە ڕاوێژی كردووە و دواتریش ئەو دیدو بۆچوونەی خۆی گەیاندووەتە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەكانی.

پێشتریش هایكۆ ماسی وەزیری دەرەوی ئەڵمانیا سەبارەت بە كردەی سەربازی "كانی ئاشتی" ڕایگەیاند بوو، كە كردە سەربازییەكە دژ بە یاسایی نیودەوڵەتییە.

توركیا لای خۆیەوە بەپاساوی "شەڕ دژ بە تیرۆر"و دامەزراندنی ناوچەی ئارام بۆ ئاوارە سورییەكان، هێرشە سەربازییەكانی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە پێشنیارەكەی لەبرۆكسل لە ڕۆژانی 5 شەممە و هەینی ئایندەدا لە كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆدا دەخاتەڕوو، وتیشی: شیمانەی بەشداریكردنی سوپای ئەڵماینا لە پاراستنی ئەو ناوچە ئارامە دەگەڕێتەوە بۆ ڕەزامەندی پەرلەمانی ئەڵمانیا.

كڕامب-كارنباور پێیوایە، كە ئامانجی پێشنیارەكە هەر دەبێت پرۆگرامێكی مەدەنیشی لەگەڵ بێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچەكە، هۆشداری ئەوەشیدا دۆخی سوریای كاریگەری گەورەی دەبێت بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەوروپاو ئەڵمانیا، كە تا ئێستا لەو دیو پەرژینەكەوە تەماشاكەری دۆخەكەن.

وەزیری بەرگری ئەڵماینا وتیشی: ئەو پیشدەستییەی ئەڵمانیا كارێكی ماقووڵە وەك پێشدەستییەكی ئەوروپی لە ناو هاوپەیمانی ناتۆدا، باسی لەوەش كرد، چارەسەرەكە ئەوەیە ناوچە ئارامەكە بە بەشداری توركیا و ڕوسیا و لە ژیر كۆنترۆڵی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بێت، ئامانجیش لەو كارە بەردەوامیدانە بەجەنگی دژ بە داعش و داڕشتنی پڕۆژە یاسای دەستووری سوریا لەژێر سایە و سێبەری نەتەوە یەكگرتووەكاندا.

"هایكۆ ماس"ی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش وتی: ئەو بیرۆكانە هێشتا كاتیان نەهاتووە، كاری لەپێشینەش وەستاندنی‌ كردە سەربازییەكەی توركیایە لەدوای كۆتاییهاتنی ئاگربەست، بەو ئامانجەی چارەسەرێكی سیاسی هەبێت.

هەر لەو بارەشەوە، ئەنالینا بیربوكی سەركردەی پارتی سەوزی ئەڵمانیا، هاوپەیمانی مێركڵی مەسیحی بەوە تۆمەتبار كرد، كە قۆرتوقولاپ دەكات، چونكە بەو خێراییە ناوچەكە ئارامە نێودەوڵەتییەكە پێكنایەت.

پێشتریش حكومەتی ئەڵمانیا هەڵوێستێكی خۆبەدووركرتنی هەبوو سەبارەت بە بانگەشەی "ڕۆدریش كیزفیتر"ی شارەزای كاروباری دەرەوە، كە داوای دامەزراندن و پاراستنی ئەو ناوچە ئارامەی لەباكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا كردبوو بەوەی 30-40 هەزار سەربازی یەكێتی ئەوروپا ئەو ناوچە ئارامە بپارێزن، قسەكەرێكیش بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا وتی: ئەو پرسە لە ئێستادا جێگەی مشتومڕی ئەوروپییەكان نییە.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر