دەستی توركیا بۆ تیرۆركردنی سەركردەكانی پەكەكە لەهەرێم كراوەیە

کوردستان

22/10/2019‌ 2570 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماوەیەكی زۆرە توركیا كار لەسەر ئەوە دەكات سەركردەو كەسە دیارەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە تیرۆر بكات، كە ئێستا بەشێوەیەكی نیمچەیی بەو ئامانجە گەیشتووە.

توركیا بۆ ئەم كارەی پێویستی بەهاوكاری لۆكاڵی و خەڵكی ئەو ناوچانە هەیە، كە نزیكن لەهێزەكانی پەكەكە، لەوەش زیاتر پێویستی بەهەماهەنگی لەگەڵ كەسانی ناو دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان هەیەو لەو بارەشەوە هاوكارییەكی زۆر دەكرێت، بۆیە دەستی كراوە بووە لەتیرۆركردنی سەركردەكانی پەكەكە لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان.

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس توركیا ئێستا قونسوڵ و ئۆفیس‌و هەندێك لەكۆمپانیا توركییەكانیش بۆ ئەو مەبەستە خستووەتە كار تا لەسەر جموجۆلی پەكەكە زۆرترین زانیاری كۆبكەنەوە.

لەو چوارچێوەیەش، لەماوەی رابردوو لەناوچەكانی زۆنی زەرد لەسنووری هەولێرو دهۆك سوپای توركیا چەند سەیارەیەكی پەكەكەی كردە ئامانج، لەناوچەی زۆنی سەوزیش چەند جارێك لەرێگەی فڕۆكەوە پەلاماری كادرو شوێنی پەكەكەی داوە. 

سەرچاوەیەكی نزیك لەپەكەكە لەو بارەوە بەشارپرێسی وت: پەكەكە پیشتر ئاگاداری ئەو جموجۆلەَی توركیا بووە چەند جارێكیش لەراگەیاندنەكانەوە هۆشیاری دراوە بەیەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكرات تا ریزەكانی خۆیان بپاریزن‌و رێگەنەدەن كەسانی گومانلیكراو لەپاڵ ئەواندا كاری سیخوری بەسەر هێزەكانی پەكەوە بكەن.

هاوكات بەپێی بۆچوونی هەندێك لە سەركردەكانی پەكەكە ئامانجی توركیا لەم كارەی جگە لە دەستوەشاندن لەهێزەكانی پەكەكە دەشیەوێت كێشەو ئاڵۆزی لەباشووری كوردستان دروست بكات و بەو هۆیەشەوە خەڵك لە هاوسوزیان بۆ پەكەكە دوربكەونەوەو هاوكارییان نەكەن.

سەرچاوەكەی شارپرێس وتیشی: توركیا دوای ئەوەی زانی لەرێگەی هێرش و پەلاماردانی ناوچەكانی پەكەكە ناتوانێت بەئامانج بگات ئێستا ئەم سیاسەتە بەكاردەهێنێت، كە لەرێگەی هاوكاری خەڵكانی "نەفس نزمی سیخور"ەوە بتوانن كەسانی دیار بكەنە ئامانج.

دواین كردەوەی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەئامانجگرتنی دوو سەركردەی پەكەكە بوو لەنزیك شاری سلێمانی، كە لەو بارەوە   ئاسایشی هەرێمی كوردستان رۆژی سێ‌ شەممە وردەكاری تەقینەوەكەی چیای ئەزمەڕی ئاشكراكرد، كە تێدا ئەو دوو كادرەی پەكەكە شەهید بوون.

بەپێی راگەیەنراوی ئاسایش توركیا دوو كادری پەكەكەی لە چیای ئەزمەڕ كردووەتە ئامانج‌و ئاشكرایكردووە، كە كردەوەكە لەرێی فرۆكەی بێفرۆكەوانەوە ئەنجام دراوە، كە فرۆكەكە هی توركیا بووە و مەبەستی ئەو دوو كادرەی پەكەكە بووە.

هاوكات دوای راگەیەنراوەكەی ئاسایش، كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكە لەسەر شەهیدكردنی دوو كادرەكەی لە چیای ئەزمەڕی شاری سلێمانی داوای روونكردنەوە لە یەكێتی و حكومەتی هەرێم‌و پەرلەمانی كوردستان كرد.

كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە لەبارەی شەهیدبوونی دوو كادریان لە چیای ئەزمەڕ لەشاری سلێمانی راگەیەنەراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "لە ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگەدا، هەڤاڵانی ئێمە سەیدخان ئایاس ناسراو بە دەمهات عەگید، كە لەباشوروی كوردستان بۆ یەكێتی نەتەوەیی و لەدژی ئەو داگیركارییەی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە ڕۆژئاوا دەیكات خەباتی دەكرد، هەروەها ئەسەر ئرماك ناسراو بە جەمیل ئامەد، كە كەمئەندامی سەنگەر بووە، بەهۆی كێشەی تەندروستییەوە لە سلێمانیی بووە، بە پشتیوانی هێزە نێودەوڵەتییەكان و هاوكارە نۆكەرەكانی دەوڵەتی تورك بە ئامانج كراون و شەهید كراون".

كەجەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، دوو كادرەكەیان لە سلێمانی بە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی ئاسمانی شەهید كراون و جەختیش دەكاتەوە ئەو هێرشە جارێكیتر پیشانی دەدات، گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی لە دژی كوردان لە چوارپارچەی كوردستان بەڕێوەدەچێت.

لە راگەیەنراوەكەدا كەجەكە جەختیكردوەتەوە،  گومان لەوەدا نییە ئەم گەلەكۆمەییە، كە لەلایەن دەوڵەتی توركی ئەنجامدراوەو لەلایەن هەندێك هێزی هەرێمی و "نۆكەران و سیخوار"نەوە هاوكاریان كراوە.

هەروەها كەجەكە داوای روونكردنەوە لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان و پەرلەمان و حكومەتی هەرێم دەكات و رایگەیاندووە، پێویستە ئەم كۆمەڵكوژییەی كە لە سلێمانی پێكهاتووە، لەسەرتادا یەكێتی پاشان لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمەوە ڕوونبكرێتەوە و ئاشكرایبكەن بۆ ڕای گشتی، ئەم كۆمەڵكوژییە لەسەر هەڤاڵانی ئێمە لە هەرێمی ژێر بەرپرسیارییەتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پێكهاتووە".

 كەجەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، پێویسەتە كۆمەڵكوژییەكە لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت و  ئاشكرایبكەن، كە ئاسمانی هەرێمەكە چۆن بنپێكراوە و لەلایەن كێ وە بنپێكراوە.


بەپەلە