وەردەكاری جموجوڵە سەربازیـیەكانی توركیا لەهەرێمی كوردستان

کوردستان

23/10/2019‌ 1743 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوكات لەگەڵ هێرشەكانیدا بۆ سەر هێزە كوردیـیەكانی سوریا، توركیا چاوی لەسەر هەرێمی كوردستانیشە و جموجۆڵ و چالاكیـیەكانی چڕكردۆتەوە.

ڕۆژی 15 ی ئەم مانگە، دوو بەرپرسی باڵای پەكەكە لە چیای ئەزمەری سلێمانی لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە كرانە ئامانج و گیانیان لەدەستدا، دوای هەفتەیەك لە هێشتنەوەی ڕووداوەكە بەنهێنی، دواجار رۆژی سێشەمە، ئاسایشی هەرێم و پەكەكە لەدوو راگەیەنراوی جیادا، كوژرانی دەمهات عەگید و جەمیل ئامەدیان ڕاگەیاند.

جاویدان كەمال نوێنەری كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لەهەرێمی كوردستان، بەدەنگی ئەمەریكای وت: بە ئامانج كردنی بەرپرسانی پەكەكە لە چیای ئەزمەر، جگە لەوەی پێشێلكردنی سەروەری عێراقە، هاوكات تاوانیشە، چونكە لەنێو ئاوەدانیدا بە ئامانج كراون.

ئەو  وتیشی: میت ژمارەیەكی زۆر سیخوری بڵاوكردووەتەوە، لە ڕێگەی سیخوڕەوە ئۆتۆمبیلی دەمهات عەگید بۆ فڕۆكە دەستنیشانكراوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا، ئەوە ئاشكرا كراوە دوو بەرپرسەكەی پەكەكە لەلایەن فرۆكەی توركیەوە كراونەتە ئامانج، پەكەكەش لە راگەیەنراوێكدا، هۆكاری رۆیشتنی دوو بەرپرسەكەی بۆ سلێمانی بۆ كێشەی تەندروستی گێڕاوەتەوە و داوای لێكۆڵینەوەی كردووە.

شەوی رابردووش، فڕۆكە بەسەر كەمپی مەخموردا سوڕاوەتەوە، كە ئەو كەمپە ژمارەیەك ئەندامی پەكەكەی تێدایە و گومان دەكرێت فرۆكەكان توركی بن، ئەمەش مەترسی بەئامانج كردنی كەمپەكەی لای بەرپرسانی هەرێم زیاتر كردووە.

جاویدان كەمال، وێڕای پشتراستكردنەوەی سورانەوەی فرۆكەی توركی بەسەر ئاسمانی كەمپی مەخموردا، وتی"ئەو كەمپە چەندین جار لەلایەن توركیاوە بۆمبارانكراوە.

هاوكات لەگەڵ چالاكییە ئەمنی و سەربازیەكانیدا لە هەرێمی كوردستان، توركیا چاوی لەسەر شاری كەركوكە و بەپێی وتەی بەرپرسان، نزیكەی 600 گەنجی توركمانی چەكدار كردووە.

هاوكات ئازاد جەباری سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەدەنگی ئەمەریكای وت: ماوەی ساڵێكە توركیا سەرقاڵی چەكداركردنی گەنجانی توركمانە لەكەركوك، ژمارەیەكیشیان بۆ بینینی خول براونەتە ئەو وڵاتە.

هەروەها وتیشی: رەنگە توركیا ئەو چەكدارە توركمانانەی كەركوكی بۆ حاڵەتی كوتوپڕ ئامادەكردبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توركیا ناتوانێت هێز بهێنێتە سنوری كەركوك، چونكە عێراق خاوەنی سیادەیە و توركیاش لەسنوری توركیاوە دوورە.

لای خۆیەوە نازم كەهیە كە سەرۆكی پارتێكی توركمانی نزیكە لەكورد لە كەركوك، ئاماژەی بەوەكرد دروستكردنی هێز لەلایەن توركیاوە بۆ توركمانەكانی كەركوك تازە نییە، بەڵكو كۆنە، هێزەكەشیان تۆكمە و بەهێز نیە، بەڵكو لاوازە.

نازم كەهیە، روونیكردەوە چەكدارە توركمانەكان لەلایەن توركیاوە موچەیان پێدەدرێت، هەر چەكدارێك موچەی مانگانەی 500 دۆلارە ، وتی"تازە خورماتوو: 40 بۆ 50 چەكدار، چەرداخلو:25 چەكدار، چیەچڵان 75 بۆ 100 چەكداری تێدایە."

لەحاڵەتی سەرگرتنی هێرشەكانیدا لە باكووری سوریا، چاوەڕوان دەكرێت لە قۆناغی داهاتوو، توركیا سیناریۆكانی فراوان بكات و لەسەر مەسەلەی قەندیل و كەمپی مەخمور، فشار لەسەر هەرێم و بەغدا دروست بكات.