هەنگاوەكانی كۆنگرێسی ئەمریكا بۆ سزادانی توركیا چڕدەبنەوە

کوردستان

24/10/2019‌ 1817 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی لیژنەی نیشتیمانی ئەرمەنی –ئەمەریكی  (ANCA)، ئیلیوت ئینگڵ سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە لەئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا و فرانك بالون سەرۆكی هاوبەش لەكۆنگرێسی ئەمەریكی بۆ كاروباری ئەرمەنییەكان و چەندین یاسادانەری تری دیاری ئەمەریكی رایانگەیاندووە، كە بەمزووانە لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران گفتوگۆ لەبارەی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان دەكرێت تا لە هەفتەی داهاتوو دەنگی لەسەر بدرێت .

ئیلیوت لەو بارەوە رایگەیاندووە، كە دڵنیام حكومەتی توركیا لەو جۆرە هەنگاوانە رازی نییە، بەڵام ئێمەش دڵخۆش نین بە حكومەتی توركیا.

لای خۆیشییەوە، ئارام هامباریان بەڕێوەبەری جێبەجێكاری لیژنەی نیشتیمانی ئەرمەنی –ئەمەریكی  (ANCA)  رایگەیاند، پێشوازی لەو هەنگاوەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەین، كە دەیەوێت سەركۆنەی ئەو تاوانەی توركیا بكات لەسەردەمی عوسمانییەكان دەرحەق بە گەلی ئەرمەن كردوویەتی.

هامباریان ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا سزاكانی واشنتۆن بەهەند وەرناگرێت تاو ئەوكاتەی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان بەفەرمی دەناسێنێت .

هەروەها مایك ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی توركیا بە بەرپرسیار دەزانێت لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دژ بەكورد، ئەگەر هات و دەركەوت ئەو راپۆرتانەی لەو بارەیەوە دێن راستن

ئیسپەر وتیشی: ئەو راپۆرتانەمان بینیون و هەوڵ ددەین بەدواداچوونیان بۆ بكەین، ئەگەر دەركەوت راستن ، ئەوە توركیا تاوانی جەنگی كردووە.

هەروەها وتی: ئەو گومانی نییە لە راستی ئەو راپۆرتانە، بەبێ‌ ئەوەی زانیاری زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی