عێراق بەمانەوەی هێزە كشاوەكانی ئەمریكا لەسوریا رازی نییە

عیراق

24/10/2019‌ 653 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی مۆڵەتی بە هێزە كشاوەكەی ئەمەریكا لە سوریا نەداوە بێنە ناو خاكی عێراق .

سەرۆكوەزیری عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە ئەوان لەچوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا ڕێوشوێنی یاسایی دژ بەوە هەنگاوە دەگرنە بەر، لەبەرئەوەی بوونی هێزی بیانی پێویستی بەوەیە پێشتر رەزامەندی حكومەتی بەغدای لەسەر وەربگیرێت و هەر بە داواكاری ئەویش كۆتایی بەو مانەوەیە دێت.

ئەو لێدوانەی سەرۆكوەزیری عێراق هاوكاتە لەگەڵ سەردانی مایك ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمەریكا بۆ عێراق دوای دوو رۆژ لە پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان و هاتنیان بۆناو خاكی عێراق.

لای خۆیشییەوە، نەجاح شەمەری وەزیری بەرگری عێراق لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریكا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، كە هێزە كشاوەكەی ئەمەریكا لەماوەی چوار هەفتەدا عێراق بەجێدەهێڵن.

شەمەری راشیگەیاندووە، كە لەگەڵ ئەمەریكییەكان لەسەر ئەوە رێككەوتووین هێزەكانی ئەمەریكا لەڕێگای خاكی عێراقەوە پاشەكشە بكەن و لەوێوە بەرەو كوێت، یان قەتەر یان ئەمەریكا برۆن، هەروەك ئەو فرۆكانەی هێزەكانی ئەمەریكا دەگوازنەوە بەكرداری گەیشتوونەتە عێراق .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی