میسر لەچەندین ئاستەوە كار بۆ سزادانی توركیا دەكات

جیهان

31/10/2019‌ 3416 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی مۆنیتۆری ئەمریكی بڵاویكردەوە، لەزنجیرەی گرژییە نێوان میسر و توركیا، كە چەندین ساڵە بەردەوامە، قاهیرە پلانی ئەوەی هەیە لەڕێگای هەوڵە نێودەوڵەتییەكانی لەناو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و پشتیوانیكردنی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا دژایەتی ئەردۆغان بكات .

بابەتێكی شیكاری، كە لە پێگە ئەمەریكییەكەدا بڵاوكراوەتەوە باسی لەوە كردووە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا میسر لەرووی دیبلۆماسی و میدیاییەوە دەستی كردووە بەگوشار خستنە سەر رژێمەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەویش لەڕێگای داواكردن لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەوەی پێویستە ئەردۆغان لەسەر پشتیوانیكردنی تیرۆرو داڵدەدانی تیرۆریستان لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت، جگە لە داواكردنی لە كۆمكاری عەرەبی بەوەی هێرشی توركیا بۆ سەر باكووری سوریا شەرمەزار بكەن .

پێگەكە بڵاویشیكردەوە، كە ئەو هەوڵە هەمەلایەنەی میسر ئەوكاتە دەستیپێكرد كاتێك لە ٢٥ی ئەیلوول نێردەی میسر لە نەتەوە یەكگرتووەكان سكاڵایەكی فەرمی دژ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاراستەی سەرۆكی كۆمەڵەی گشتی و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد و تێیدا سیاسەتی دەرەوەی توركیای تێدا شەرمەزار كردبوو، بەئاشكرا توركیای بەپشتیوانیكردنی تیرۆر لەسوریا و گروپە توندڕەوەكان لەلیبیا تۆمەتبار كردبوو، كە ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ بەڕیوەچوونی ٧٤ مین دانیشتنەكانی كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەنیویۆرك .

هەر لەو چوارچێوەیەدا رۆژی ٢٩ی ئەیلوول، كەناڵی ئاسمانی  TENی میسری میوانداری فەتحوڵڵا گولەن بەرهەڵستكاری هەرەدیاری ئەردۆغانی كرد، كە ئێستا لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دادەنیشێت و تێیدا ئەردۆغانی بەوە تۆمەتبار كرد، كە درووشمە ئاینییەكان بۆ رەوایەتیدان بە گەندەڵییەكانی دەقۆزێتەوە.

هاوكات لەگەڵ ئەو هەوڵانەدا، رۆژی ١٢ی ئۆكتۆبەر سامح شوكری وەزیری دەرەوەی میسر پێشوازی لەشاندێكی سوریای دیموكرات كرد و جارێكی تر دەستدرێژییەكانی توركیای بۆ سەر باكووری سوریا شەرمەزار كرد و رایگەیاند، بەپێی ماددەی ٥١ی بەڵگەنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو بەرگرییەی هێزەكانی سوریای دیموكرات مافێكی رەوایە و دەچێتە چوارچێوەی بەرگری لەخۆكردنەوە.

بابەتەكەی پێگەی مۆنیتۆر لەسەر زاری باڵیۆز جەمال بەییومی، كە یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی میسرە گواستوویەتییەوە، ئامانج لەو هەوڵە نێودەوڵەتییەی میسر كۆكردنەوەی رای گشتی جیهانییە دژ  بە سیاسەتەكانی ئەردۆغان لەپشتیوانیكردنی تیرۆر و رێكخراوە تیرۆریستییەكان، بەتایەت دوای هێرشی دوای توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان .

بەییومی بە پێگەی مۆنیتۆری راگەیاندووە، گرنگی ئەو هەوڵانە لەوەدایە، ئەگەر بڕیارێكی نێودەوڵەتی لەدژی ئەردۆغان دەربچێت یان نا، ئەوەیە هۆكاریكە بۆ دابەزینی ئاستی جەماوەری ئەردۆغان و ئاشكراكردنی تاوانەكانی و دواتر داماڵینی رەوایەتی نێودەوڵەتی لێی، كە ئەوەش بە ئاشكرا لەهەڵوێستە نێودەوڵەتییەكان لەدوای هێرشی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەركەوت .

لای خۆیشییەوە محەمد عەباس ناجی، شارەزای تایبەتمەند لەكاروباری توركیا و ئێران لە ناوەندی ئەهرام بۆ لیكۆڵینەوە سیاسی و ستراتیژییەكان لە قاهیرە دەڵێت " هەوڵەكانی میسر بۆ كۆكردنەوەی رای گشتی جیهانی لە دژی توركیا بەردەوامیدانە بە سیاسەتی دەرەوەی میسر و هیج گۆرانكارییەك لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەهەموو شیوازەكانی رووینەداوە ، بەڵام ئەوەی گۆڕدراوە ئەوەیە كە بانگەوازەكەی میسر كاریگەری و دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبووە كە ئەوەش لە چوونییەكی بۆچوونی هێزە نێودەوڵەتییەكان لە شەرمەزاركردنی دەستدرێژییەكانی توركیا بسەر رۆژئاوای كوردستان دەركەوت.

ناجی پێیوایە ئەو هەوڵەی میسر بووەتە هۆی دەركەوتنی هەڵویستێكی عەرەبی یەكگرتووتر لەبەرانبەر رۆڵی توركیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی