هێزەكانی ئەمەریكا لەنێوان كشانەوە و نەكشانەوە لە سوریا

کوردستان

02/11/2019‌ 1640 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" ی ئەمەریكی، لەگەڵ بەردەوامی پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا، كە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا بەڵێنیداوە سەرجەم هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا بكێشێتەوە، بەڵام پێشبینییەكان ئاماژە بەوە دەكەن ژمارەیەكی هاوشێوەی هێزە كشاوەكە لەسەربازانی ئەمەریكا هاتوونەتەوە ناو خاكی سوریا.

هەر بەپێی رۆژنامەكە، گومان دەكرێت ئێستا ژمارەی سەربازانی ئەمەریكا لەسوریا بگاتە ٩٠٠ سەرباز ، ئەوەش نزیكەی ژمارەی ئەو سەربازانەیە، كە ترامپ بریاری كێشانەوەیدان و نزیكەی ١٠٠٠ سەرباز بوون.

ئەو زانییارانە دوای دوو رۆژ لە راگەیاندنی ئیدارەی ترامپ دێت، كە رایگەیاند، خواستی ئەوەیان هەیە ژمارەیەك سەرباز بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان لەسوریا بهیڵێتەوە.

بەگوێرەی رۆژنامەكە تا ئێستا نزیكەی نیوەی هێزە سەرەكییەكەی ئەمەریكا، كە لە سوریا بوون كێشراونەتەوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت ٢٥٠ سەرباز لەو هێزە سەرەكیانە بهێڵرێنەوە، كە زۆربەیان لە لە دێرەزوور جێگیر دەكرێن، بەوەش سەرجەمی ئەو هێزانەی كێڵگە نەوتییەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا دەپارێزن دەگاتە ٥٠٠ سەرباز، كە بەسەر چەند ناوچەیەكی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا دابەش دەبن.

ئەگەر ئەو سەربازانەش لەگەڵ ئەو هێزە ئەمەریكییە هەژمار بكرێت، كە لە بنكەی سەربازی تەنەفن لە باشووری سوریا، ئەوە تێكرای ژمارەی سەربازانی ئەمەریكا لە سوریا دەگاتە ٩٠٠ سەرباز .

نیویۆرك تایمز پێیوایە لەگەڵ دەركەوتنی هەر نیشانەیەك بۆ گەرانەوەی چەكدارانی داعش (كە بەدوور نازانرێت )، ئەوە هێزەكانی ئەمەریكا بەئاسانی هێزەكانی لە سوریا زیاد دەكات.

رۆژی دووشەممەی رابردووش مایك ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمەریكا وتی: ئامانج لە مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا بریتییە لە پاراستنی كیڵگە نەوتییەكان تا نەكەونە دەست رێكخراوی تیرۆریستی داعش .

ئیسپەر وتیشی: سەرەرای كوشتنی بەغدادی هێشتا بارودۆخی سوریا ئاڵۆزە، جەختیشی كردەوە واشنتۆن بەردەوام دەبێت لەكاركردن لەگەڵ هاوپەیمانەكانی بۆ كۆتاییهێنانی یەكجارەكی بە داعش.

رۆژی پێنجشەممەش هێزەكانی ئەمەریكا لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا و لەنزیك سنووری توركیا گەرانێكیان كردووە كە لەدوای كێشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەناوچە سنوورییەكان ئەوە یەكەم جارە ئەوە روودەدات .


سەرچاوەكان باسیان لەوە كردووە كە ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان كە ئاڵای ئەمەریكایان بەسەرەوە بووە لە بنكەی سەربازی رومێلان لە پارێزگای حەسەكە بەرەو سنووری توركیا رۆیشتوون لە باكووری شارۆچكەی درباسییە ،لەگەڵ ئەوەی ئەو ناوچەیە بەپێی ئەو شەڕ و لەیەكتێگەیشتنانەی لەو چەند هەفتەی رابردوو كراون لەئێستادا لەژێر كۆنترۆڵ و هەژموونی هێزەكانی رووسیا و هێزەكانی سوریدان .

سەرچاوەكان باسیان لەوە كردووە، كە شەرڤانە كوردەكان هاوڕێیەتی تیمە سەربازییە ئەمەریكییەكەیان كردووە. 

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی