كەناڵی جەزیرە هەڕەشە لە هاوپەیمانی توركیا – قەتەر دەكات

جیهان

06/11/2019‌ 4234 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بە پاساوی ڕۆژنامەگەری ئازاد و بابەتییانە، كەناڵی ئاسمانی جەزیرەی قەتەری (بەشی ئینگلیزی) دەنگۆی دژ بەتوركیا بڵاودەكاتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی وێناكردنی تیرۆرستە هەڵاتووەكان لەیاسا بەوەی چالاكوانی ستەملێكراون.

ئەو كەناڵە لەوەشدا شكستیهێناوە، كە نەیتوانیووە جیاوازی بكات لە نێوان كوردەكانی سوریا و ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لە ڕوماڵكردنی كردەی سەربازی كانی ئاشتی توركیا لە باكووری سوریا.

چەندەها تۆمەتیشی ئاراستەی توركیا كردووە، كە بە زۆر ئاوارە سورییەكان دەنێرێتەوە، بێ ئەوی هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەم تۆمەتەی بخاتەڕوو.

پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا كەناڵی جەزیرە چووەتە پاڵ كەناڵە ڕۆژئاواییەكانی دیكە لە لەكەداركردنی وێنەی كردە سەربازییەكەی توركیا.

ئەو كارەی كۆمەڵێكی بچووكی كارمەندانی كەناڵەكە دەیكەن، ناپاكییە بەرانبەر میراتی میدیایی كەناڵەكە، كە دیدگایەكی جیاوازی پێشكەشی جیهان دەكرد، ئەوان بە ئەنقەست كار لەسەر سەرەوژێركردنی هاوبەشبەندی توركی – قەتەری دەكەن‌و گەرەكییانە ئەمەش بكەنە ڕێچكە و ڕێبازی سیاسەتی دەرەوەی قەتەر. 

لە كاتێكدا بەشە عەرەبییەكەی ئەو كەناڵە دیدگایەكی جیهانی دەدات بەدەستەوە و ڕێگەش بە دەنگی فرەو جیاواز دەدات، كە دیدگای خۆیان بخەنەڕوو.

ئێستا دوای ئەوەی گەلی توركی بۆی دەركەوت، كە كەناڵی جەزیری ئینگلیزی هەڵمەتێكی ناوزڕاندنی دژ بە توركیا دەستداوەتێ، چۆن دەكرێت حكومەتی توركیا لە پشتیوانی قەتەر بەردەوام بێت دژ بەو دەوڵەتانەی، كە دەكرێت بە ئاسانی توركیا بیانكاتە هاوپەیمانی خۆی.

ئایندە هاوبەشبەندی توركیا – قەتەر لەسەر لێواری هەڵدێرانە، دەبێت چ زووە و پێش ئەوەی كات بەسەرچێت، كەناڵی جەزیرەی ئینگلیزی دەستبەرداری هەموو ئەو كارمەندانەی بێت، كە بە پاساوی ڕۆژنامەگەری سەربەخۆی ئازاد، هەڕەشە لە هاوپەیمانی دەوحە - ئەنقەرە دەكەن.

تا ئەو كاتەی سنوورێك بۆ كەناڵی ناوبراو دادەنرێت، پیویستە حكومەتی توركی وەك میدیایەكی دوژمن تەماشای كەناڵەكە بكات، خۆ ئەگەر قەتەر بەردەوام بوو لە پساندنی ڕایەڵەكانی پەیوەندی بە توركیای هاوپەیمانییەوە، ئەوا چی دیكە توركیا پابەندی پاراستنی قەتەر نابێت.

سەرچاوە: DAILY SABAH
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر