توركیا ڕەگەزنامە دەبەخشێتە ئیخوانەكانی میسر

جیهان

07/11/2019‌ 1828 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەسەڵاتدارانی توركیا ڕەگەزنامەیان بەخشیوەتە كۆمەڵێك ئیخوانی و كەسی هەڵاتووی میسر، كە تەنیا داوای ئەوەشی لێكردوون ناوی خۆیان بگۆڕن و ناوە تازەكەیان لەسەر پاساپۆرتە تازە توركییەكەیان بنووسرێت.

یاسر عومدە، كە داواكراوە لەمیسر، لەسەر واڵی فەیسبووكەكەی خۆی نووسیوویەتی: "دەسەڵاتدارانی توركیا ڕەگەزنامەیان پێ بەخشیووە".

هەروەها نووسیویەتی: چەند بێژەرێكی ئیخوانی، كە لە ئەستەمبوڵ نیشتەجێن ڕەگەزنامەیان پێدراوە و چاوەڕیی ئەوەن پاسپۆرتەكانیان وەرگرنەوە.

250  هەزار دۆلار
یاسر ئەوەشی وت: تێچووی ڕەگەزنامەی توركی دەگاتە بڕە پارەی 250 هەزار دۆلار، ڕێوشوێن و مەرجی قورسیشی هەن، وتیشی: خۆی و چەند بێژەرێكی ئیخوانی میسری هەڵاتوو بێ بەرانبەر ڕەگەزنامەیان وەرگرتووە.

سەرچاوەیەكی ئاسایشی میسریش ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە یاسر عومدە دامەزرێنەری بزووتنەوەی "هەژ‌ار و نەدارەكان"ی سەر بە ئیخوان موسلمینە و هەڵاتووە بۆ توركیا، لەوێشەوە گرتەی‌ ڤیدیۆیی تۆمار دەكات و هانی جەماوەرو ئەندامانی بزووتنەوەكەی دەدات، كە كاری توندوتیژی دژ بە دامەزراوەكانی دەوڵەت ئەنجام بدەن.

سەرچاوەكە لە لێدوانێكی بۆ عەرەبییە نێت وتیشی: لە ڕێگەی سەرۆك وەزیر و وەزیری ناوخۆی میسرەوە،‌ داوا كراوە ڕەگەزنامەی میسری‌ لەوانە بستێنرێتەوە، كە ڕەگەزنامەی توركییان وەرگرتووەو كۆمەڵێك لە سەركردە و كوڕەكانیان و میدیاكار و پەرلەمانتاری سەردەمی حوكمڕانی ئیخوانەكانن لەمیسر، ئەوەش دووپاتكردووە دەسەڵاتدارانی توركیا داوایان لێكردوون ناوی خۆیان بگۆڕن و ناوە تازەكەیان بچێتەسەر پاسپۆرتی میسری.

دكتۆر سەمیر سەبری پارێزەری میسری داوایەكی دادوەری خستووەتە بەردەم دادگای ئیداری بۆ وەرگرتنەوەی رەگەزنامە لەو ئیخوانە میسرییانەی ڕەگەزنامەی توركیان وەرگرتووە.

سەبڕی ئەوەشی وت: موعتەز مەتەڕ، حەمزە زەوبەع، محەمەد ناسڕ، ئەیمەن نور، حسام شۆربچی، سەركردەكانی وەك مدحەت حەداد و محەمەد عەبدولعەزیم بشلاوی و ئەیمەن ئەحمەد عەبدولغەنی، زاواكەی خەیرەت شاتڕی جێگری ئەمینداری ئیخوان، یەكێكن‌ لەوانەی ڕەگەزنامەی توركییان وەرگرتووە.

150 داواكاری
سەبڕی ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە لەو ماوەی دوایدا زیاتر لە 150 لە سەركردەی ئیخوانەكان و كوڕەكانیان داوای وەرگرتنی پاسپۆرتی توركییان پێشكەشی دەسەڵاتدارانی توركیا كردووە، بۆیە سەبری داوای كردووە بەگوێرەی بەنددی 16 ی یاسای ڕەگەزنامەی میسری، ڕەگەزنامەی میسری لەو كەسانە وەربگیرێتەوە كە لە دەرەوە نیشتەجێن و بوونە ئەندامی دەستەیەكی بیانی و كاریان چالاكی و جموجۆڵە بۆ سەروژێركردنی ڕژێمی كۆمەڵایەتی یان ئابوروی دەوڵەتی میسر دەكەن.

سەرچاوە: عەرەبییە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر