شارپرێس:
بەهۆی ئەوەی خۆپیشاندانەكان بەردەوامەو ئاڵۆزی لەشارو شارۆچكەكانی عێراق هەیە، گفتوگۆكانی هەولێرو بەغدا بۆ گەیشتنە رێككەوتن وەستاوەو بەقسەی بەرپرسێكی هەرێمیش تا ئاسایی بوونەوەی دۆخەكە گفتوگۆكان دەستپێناكەنەوە.
فارس عیسا، نوێنەری هەرێمی كوردستان لەبەغدا لەو بارەوە دەڵێت: لەئێستادا ناتوانین بڵێین بارودۆخی عێراق هێوربووەتەوە، بەو پێیەی خۆپیشاندانەكان بەردەوامییان هەیەو لە هەندێك شوێندا كەمبووەتەوە، هەر ئەوەش وای كردووە، گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا رابوەستن، بەو پێیەی بارودخەكە كاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنی سیاسی و ئابووری كردووە.
نوێنەری هەرێمی كوردستان جەخت لەوەش دەكاتەوە، كە ئەوان پاڵپشتیی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەكەن، لە جێبەجێكردنی داخوازییەكانی خۆپیشاندەران هەتا ئەو كاتەی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە عێراق هەیە تێدەپەڕێت.
ئەو ناشیشارێتەوە، هەندێك لایەنی بەشداری ئەم كابینەیەی عێراق، خۆیان لەبەرپرسیاری دەدزنەوەو ئەوەش وای كردووە، كە متمانە لەنێوان لایەنەكاندا نەمێنێت، لەكاتێكدا ناوبراو پێیوایە دەبێ هەموو ئەو لایەنانەی لەم كابینەیەدا بەشدارن، هاوكاری چارەكردنی دۆخەكە بن، چونكە ئەو كەموكورتییانەی هەن، هی كابینەكانی پێشترن.
فارس عیسا، هۆكاری دەستپێنەكردنەوەی گفتوگۆكانی هەرێم و ناوەند رووندەكاتەوە، بەو پێیەی ئەوانیش كاری لەپێشینەیان چارەكردنی دۆخی ئێستای عێراقە، بەو پێیەش گرژییەكانی ناوەند كاریگەری نەرێنیشی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆیە لە هەوڵدان و پشتیوانیی سەرۆكی حكوومەتی عێراق دەكەن، تا بارودۆخەكە كۆنترۆڵ بكرێت، ئەوكات كار بۆ گفتوگۆكان دەكەن.
هـ ـ ح