توركیا.. بەكەسییكردنی دەسەڵات و گەڕانەوە بەرەو ستەمكاری

جیهان

09/11/2019‌ 745 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زیادبوونی بەرچاوی سەركوتكارییەكان لە توركیا لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و ناوخۆیی پاڵی بە گۆڤاری وەرزی "دیدارەكانی میدێتەرانە " ناوە لەمدواییە كتێبێك بەناوی "توركیا و گەڕانەوە بۆ ستەمكاری" دەربكات .

كتێبەكە لەسەد پەڕەی قەبارە مامناوەند پێكهاتووە و گرنگییەكەی هەر ئەوە نییە لەژێر چاودێری یەكێك لە گرنگترین گۆڤارە فەرەنسییە وەرزییە تایبەتمەندەكانەوە دەردەچێت، كە گرنگی  بە دۆسییە رۆشنبیری و سیاسییەكانی پەیوەست بە كۆمەڵگاكانی ناوچەی دەریای سپی ناوەراست دەدات، بەڵكو لەبەر ئەوەشە بەرهەمی هزری و شیكاری و ستراتیژی كۆمەڵێك لەگرنگترین شارەزایانی دۆسیەی توركیاشە .

ئامادەكارانی كتێبەكە وایدەبینن، كە توركیا لەساڵی ٢٠١٠ وە لە سیستەمی حوكمرانێتیدا بەخێراییەكی بەرچاو و بەشێوەیەكی دینامیكی بەرەو ناوەندێتی ستەمكاری دەگەڕێتەوە، ئەوە سەرباری بەكەسییكردنی دەسەڵات لەخودی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا. 

ئەوان دەڵێن: ئەو جۆرە مۆدێلە لە ستەمكاری لەدوای هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی ساڵی ٢٠١٦ زۆر خێراتر بووە.

نووسەرانی كتێبەكە دەشڵێن كودەتاكەی ١٥ی یۆلیۆی ساڵی ٢٠١٦ خاڵی خاڵی وەرچەرخانە لەمێژووی توركیادا، بەشێوەیەك لەوكاتەوە ئەو وڵاتە كۆمەڵێكی زۆر قەیرانی سیاسی و ئابووری بەخۆبینیوە جگە لە زیادبوونی هەژموون و بەڵادەستی پارتی دەسەڵاتدار نەوەك هەر سەركوتكردنی هێزە بەرهەڵستكارەكان بەڵكو لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە دامەزراوەییە ترسناكەكانیش ، بەجۆرێك پارتەكە لەڕێگای ئەو قەیرانانەی بەرۆكی وڵاتی گرتۆتەوە خۆی بەسەر توركیادا سەپاندووە ، جگە لەوەی كێشمەكێشم و ململانێكانی نێوان پارتی داد و گەشەپێدان و بزووتنەوەی فەتحوڵلا گولەن بریتییە لە قۆناغێكی نوێی ستەمكاری ناوەندێتی لە سیستەمی حوكمرانی لە توركیادا  ، ئەوەش بەو گۆرانكارییە سیاسییە ترسناكە دەردەكەوێت كە سیستەمی سیاسی وڵاتی لە سیستەمی پەرلەمانییەوە گۆری بۆ سیستەمێكی سەرۆكایەتی بەشێوەیەك سیستەمەنوێكە ئەردۆغان وەك نیمچە خوایەك لێكرد 

كتێبەكە روونیكردووەتەوە، كە ئێستا ئێمە بەرانبەر بە گۆرانكارین لەسیستەمی سیاسی توركیا بۆ سیستەمێكی سیاسی ناوەندی ستەمكاری لە دەوری یەك كەس ئەویش خودی رەجەب تەیب ئەردۆغانە، كە لەدەووبەری خۆیەوە نەخشەی هەموو پەیوەندییە دامەزراوەیی‌و سەربازی و دادوەرییەكان لەو وڵاتە دەكێشێت .

نووسەرانی كتێبەكە هەروەها دەڵێن: دوای ئەوەی لەساڵی حەفتاكانی سەدەی رابردوو شارەوانییەكان دروستكران و ئەركیان لە خزمەتكردنی هاووڵاتیاندا كورتكرایەوە، بەڵام لەئێستادا ئەركی ئەو دامەزراوانە گۆرانێكی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە بەوەی ئەركیان لایەنداریكردنی سەرۆكە لەسەر حیسانی خزمەتكردنی هاوڵاتیان ، ئەوەش وەك جێبەجێكردنێك بۆ سیاسەتی ئەردۆغان بۆ بە كەسییكردنی دەسەڵاتەكان لە دەستی خۆیدا ، ئەوەش بەراستەوخۆیی و بەشێوەیەكی نەرێنی كاریگەری كردۆتە سەر هاوڵاتیان چونكە ئێستا سرووشت و گرنگیپێدانی شارەوانیەكان لە خزمەتكردنی هاوڵاتیانەوە گۆڕاوە بۆ خزمەتكردنی سیستەم ، جگە لەوەی ئەو شارەوانیانەی لەژێر دەستی كوردەكاندان لەپێشی پێشەوەی ئەو شارەوانیانەن كە زیانیان بەركەوتووە و قوربانی ئەو گۆڕانكاریانەن .

لەبەر رۆشنایی ئەوەی پێشوو، نووسەرانی كتێبەكە نەخشەیەكی شرۆڤەكاریان بۆ دیمەنی توركیا كێشاوەكە بەروونی دەردەكەوێت توركیا لە پێنج قۆناغدا بەرەو حوكمرانییەكی ستەمكاری داپڵۆسێنەر هەنگاویناوە كە قۆناغی یەكەم لەنێوان ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٧  بوو ، كە لەو قۆناغەدا و لەگەڵ گەیشتە دەسەڵاتی ئەرۆدغان دەستپێدەكات، بەشێوەیەك سەرەتا ئەردۆغان دەستیكرد بە كۆمەڵێك چاكسازی ئابووری كە بەشیوەیەكی ئەرێنی رەنگدانەوەی لەسەر پێشكەوتنی وڵات هەبوو لە ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و دادوەرییەوە ، بەڵام لەگەڵ هاتنی ساڵی ٢٠٠٧ ئەو گیانی چاكسازییە وردە وردە نەما كە كاریگەری هەبوو لەسەر دۆسیەی چوونەپاڵی توركیا بۆناو یەكێتی ئەوروپا ، ئەوە جگە لە دۆسیەی كوردی و ئەو توورەییەی لەناو سوپادا درووست بوو تا گەیشتە ئاستی درووستبوونی كودەتای سەربازی .

بەرای نووسەرانی كتێبەكە قۆناغی دووەمی لە گۆرانكاری لە ئیسلامی دیموكراتییەوە بەرەو رژێمێكی ستەمكاری لەساڵی ٢٠١٠ وە دەستپێدەكات كە وێنەی ئەردۆغان وەك دیموكراتیخوازێكی ئیسلامی هەرەسیهێنا ، بەتایبەت دوای هەوڵدانی ئەردۆغان بۆ گۆڕانكاریكردن لە یاسا و ڕێساكان و دەستگرتن بەسەر دەزگا سەرەكییەكانی دەوڵەت وەك دادگا و پۆلیس و سوپا و زانكۆكان  ،بەجۆرێك لەگەڵ ریفراندۆمی ساڵی ٢٠١٠ ئیتر دەسەڵات بەرگەی هیچ رەخنەیەكی نەدەگرت و دەستی كرد بە تەنگهەڵچنین بە دەزگاكانی راگەیاندن تاوایلێهات ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسانەی دەستگیر كران گەیشتە ژمارەیەكی پێوانەیی .

هەرچی قۆناغی سێیەمە بەناوی "قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست" رووی راستەقینەی ئەردۆغانی دەرخست ، نووسەرانی ئاماژە بە هەڵكشانی ئاستی قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەكەن كە لەو قۆناغەدا ئەردۆغان پاشەكشەی كرد لە چوونە ناو یەكێتی  ئەوروپا و خۆی خستە ناو زۆنگاوی قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست ، ئەویش بەئامانجی ئەوەی رۆڵێكی گەورەتر بگێڕێتەوە و وەڵامدەرەوەی بەرزەفڕییە كۆنەكانی بێت ئەویش لەڕێگای یارمەتیدان و پشتیوانیكردنی گرووپە توندڕەو و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكان لە هەریەك لە لیبیا و سوریا و یەمەن و سودان .

قۆناغی چوارەم لەسەر نارەزایەتییە جەماوەرییەكانی پاركی گەزی وەستاوە ، كتێبەكە باسی لەوە كردووە كە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣ وە توركیا شەپۆلێكی فراوانی نارەزایەتی جەماوەری بەرانبەر بە ئەردۆغان بۆ درووست بووە كە لەلایەن ژینگەپارێزانە رابەرایەتی دەكرا و هۆكارەكەشی تێكدانی پاركی گەزی بوو لە گۆرەپانی تەقسیم و كردنی بە پرۆژەیەكی تەلارسازی گەورە ، كە بزووتنەیەكی جەماوەری نارازیانە بوو وێنە و پێگەی ئەردۆغانی لەرزاند ، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی هەبوو بە شێوازی هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ نارازییەكان .

كتێبەكە بە قۆناغی پێنجەم و لەدوای كودەتاكەی ١٥ی یۆلیۆی ٢٠١٦ كۆتاییپێهێناوە و جەخت لەوە كراوەتەوە لەو قۆناغەدا سیستەمی ستەمكاری توركیا ریشەی داكوتا و ئەردۆغان ئەو رووداوەی بۆ سەركوتكردنی نەیارەكانی بەكارهێنا ، بەجۆرێك ٦ هەزار سەرباز و ١٠٤ فەرماندەی سوپای دەستگیر كرد و ٢٧٤٥ دادوەر لە كارەكانیان دوورخرانەوە ، جگە لە دەركردن و دوورخستنەوەی سەدان مامۆستای زانكۆ ، بەوەش ئەردۆغان بە مشتێكی پۆڵاین دەستی بەسەر توركیادا گرت و دەوروبەری خۆی پڕكرد لە كەسانی لایەنگری و بەرژەوەندیخوازەكان .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی