پیلانی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی‌و حیزبوڵڵاو حەشدی شەعبی بۆ كۆتاییهێنان بەخۆپیشاندانەكانی عێراق

عیراق

09/11/2019‌ 1482 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوە سیاسی و ئەمنییە عێراقییەكان، وردەكاری پلانێكیان ئاشكراكردووە، كە حەشدی شەعبی بەهاوكاری پاسەوانی شۆرشی ئێرانی و حیزبوڵای لوبنانی نیازی هەیە جێبەجێیبكات، بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەكانی خەڵكی عێراق، كە پێی ناوەتە هەفتەی سێیەمەوە و زیانێكی زۆریشی بەناوناوبانگی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی گەیاندە.

خۆپیشاندانەكان لەسەرەتای ئۆكتۆبەری ڕابردوو دەستیان پێكردو لە 25 ئۆكتۆبەر گەیشتە چڵەپۆپە، خۆپێشاندەران داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی دەكەن، كە لاداری هەیە بۆ ئێران.

سەرچاوەكە وتی: ڕاوێژكارانی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی جەنەڕاڵ قاسم سلێمانی و ڕاوێژكاری دیكەی حیزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی محەمەد كوسرانی، بە چڕی هاوكار و هەماهەنگی سەركردەكانی حەشدی شەعبی عێراقین بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپێشاندانە جەماوەرییەكانی عێراق.

قۆناغی یەكەمی پلانەكە ئەنجامدانی كردەیەكی سەربازییە لە گۆرەپانی تەحریر لەناوەڕاستی بەغدا، ئامانجیشی كوشتن و دەستگیركردنی زۆرترین ژمارەی خۆپێشاندەرانە.

سەرچاوەكە ئەوەشی وت: دەستەبژێرێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی بە نهێنی لە سێ شوێنی دەوری گۆڕەپانی تەحریر دامەزراون، یەكەم گۆڕەپانی فیردەوس، دووەم ناوچەی خلانی، سێیەم ناوچەی ساڵحییە، كە نزیكە لە باڵوێزخانەی ئێرانی و ناوچەی سەوز‌.

سەرچاوەكە هەروەها وتی: هێزەكانی بەدری سەر بە هادی عامری و بزووتنەوەی عەسائبی ئەهلی حەقی سەر بە قەیس خەزعەلی و سەرایای خوراسانی لەو كارەدا بەشدارن، چەكی قورس و سوكیشیان ئامادە كردووە ‌بۆ جیبەجێكردنی پلانەكەیان.

ئێرانی و لوبنانییەكانیش بەشداری فەرماندەكانی حەشدی شەعبی دەكەن و پێیان وایە كۆتاییهێنان بە ناڕەزاییەكانی گۆڕەپانی تەحریر، بەسن بۆ دامركاندنەوەی پشێوییەكان لە سەرانسەری عێراقدا.

قۆناغی دووەمی پلانەكە ڕاوەدوونانی ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانە لە دەرەوەی گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان.

لەمانگی ئۆكتۆبەری ڕابردووشەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق ڕێگەیان بەمیدیاكان نەداوە بە ئازادی ڕووماڵی خۆپێشاندانەكان بكەن، لە هەندێك كاتیشدا بە زەبری هێز سەركوتیان كردوون، نووسینگەكانی كەناڵەكانی عەرەبییە و حەدەس-یان داخستووە، نووسینگەكانی كەناڵەكانی دیجلە و ئێن ئاڕتی-یان سوتاندووە، هەڕەشەیان لە رۆژنامەنووسان كردووە، بەمەش هەندێك لە ڕۆژنامەنووسان لە ترسان هەڵاتوون بۆ هەرێمی كوردستان.

سەرچاوەكان دەڵێن: ئەبو مەهدی موهەندیس بە یارمەتی ڕاوێژكارە لوبنانییەكان و ڕێكخراوی بەدر، سەرپەرشتی راستەوخۆی سەركوتكردنی میدیاكار و چالاكوانان دەكات و هەموو دەزگا هەواڵگرییەكانی دەوڵەتیشی بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لە بارەیانەوە خستۆتەگەڕ.

سەرچاوەكە وتیشی: سەرجەم ناوی میدیاكار و چالاكوانانیان لەچەند لیستێكدا بۆ ئەبو مەهدی موهەندیس ڕێكخستووە، ڕادەی مەترسیداری هەر یەكێك لەوان لەبەرانبەر ناوەكەی دیاریكراوە، لیستێكی پاكتاوكردنی ئەو چالاكوانانە ئامادەكراوە و بە گوێرەی مەترسیداری و گورجوگۆڵیان پۆلێنكراوە، بە تایبەتی ئەوانەی شەقام دەجوڵێنن، هەروەك لەگەڵ ئەمجەد دەهماتی ڕۆژنامەنووس كردیان و لە پارێزگای میسان تیرۆریان كرد، "سەبا مەهداوی" شیان لە بەغدا ڕفاند.

سەرچاوەكان دەشڵێن: هەندێك لەو ناوانە دانراون دواتر تیرۆر بكرێن ، واتە دوای كۆتاییهێنان بە خۆپێشاندانەكان.

كاتێكیش خۆپێشاندەران ئاستی داواكارییەكانیان گەیاندە داواكاری كۆتاییهێنان بە هەژموونی ئێرانی لە عێراقدا، پاسەوانی شۆرشی ئێرانی جڵەوەكەی لە دەست حكومەتی عێراق وەرگرت بە مەبەستی چارەسەركردنی دۆخەكە، كە ڕاستەوخۆ ئێران سەرپەرشتی بكات، ژوورێكی ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەشیشیان بۆ ئەم مەبەستە لەئێران كردەوە، كە ڕاستەوخۆ قاسم سلێمانی سەرپەرشتی دەكات.

چاودێڕێكی سیاسی عێراقی بە دوروی نەزانی میلیشیاكان پەنابەرنە بەر كوشتنی ڕاستەوخۆ و ئاشكرا، ئەمەش‌ دوای ئەوەی پێشتر قەناس بەدەستەكان ئەوەیان كرد. 

چاودێرەكە لە لێدوانێكیدا بۆ " ڕۆژنامەی عەر‌ەب" وتیشی: لەوانەیە چەكدارەكان دژە خۆپێشاندان ساز بكەن، ئامانجیش لەو كردەیە پێكدادانە لەگەڵ خۆپێشاندانە ئاشتیخوازەكان و زیانپێگەیاندنیان، تاوەكو وای پیشان بدەن كە حكومەت بێلایەنە، بۆ ئەوەی بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتی كوشتنی هاووڵاتییانی نەكەوێتە ئەستۆ.

چاودێرەكە وای بۆ دەچێت دوای تێپەڕبوونی چوار هەفتە بەسەر خۆپێشاندانەكاندا، دۆخەكە بەرەو خراپتر بچێت و پێشیوایە هیچ نیشانە و ئاماژەیەك بۆ چارەسەركردنی دۆخەكه لەئارادا نییە .

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر