براكەی بەغدادی بەئارەزووی خۆی لەنێوان باكووری سوریاو ئەستەنبوڵ هاتووچۆی كردووە

جیهان

10/11/2019‌ 1144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپپرێس
رۆژنامەی "زە ناشیۆناڵ"ی ئیماراتی ئاشكرایكرد، برای ئەبوبەكر بەغدادی ڕێبەری پێشووی ڕێكخراوی داعش چەندین جار لەڕێگای باكووری سوریاوە گەشتی بۆ شاری ئەستەنبوڵی توركیا كردووە.

رۆژنامەكە بەپشتبەستن بە قسەی دوو سەرچاوەی هەواڵگری عێراقییەوە گواستوویەتییەوە، كە براكەی بەغدادی یەكێك بووە لە كەسە متمانەپێكراوەكان لای داعش، لەبەر ئەوەی زانیاری گرنگی لەبارەی پرۆسەكانی داعش لە عێراق و سوریا و توركیا هەڵدەگرت و دەیگواستەوە .

هەر بەگوێرەی پێدراوەكانی رۆژنامەكە، براكەی بەغدادی چەندین جار لەنێوان ئەستەنبوڵ و باكووری سوریا هاتووەو چووە، بەو واتایەی نزیكەی ٢٣٠٠ كیلۆمەتری لەناو خاكی وڵاتێكی ئەندامی ناتۆ بڕیوە بێئەوەی هیچ كەسێك رایبگرێت .

هەروەها بەرپرسێكی گەورەی هەواڵگری عێراقی ئەوەی رایگەیاندووە، براكەی بەغدادی كە ناوی جومعەیە گەشتی بۆ توركیا دەكرد و دەگەڕایەوە، ئەگەریشی زۆرە هێشتا لەژیاندا بێت، بەڵام هیچ وێنەیەكی نییە .

یەكەمجار پۆلیسی عێراقی لە كۆتاییەكانی ساڵی ٢٠١٨ تێبینی براكەی بەغدادی كرد، واتە پێش ئەوەی بگاتە شاری ئەستەنبوڵ .

بەمەبەستی چاودێریكردنی جومعە لەناو خاكی توركیادا، هەردوو هەواڵگری عێراق و ئەمەریكا هەماهەنگی یەكتریان كردووە، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش رەتیانكردووەتەوە قسە لەبارەی ئەو زانیارییە بكەن لەبەر ئەوەی سرووشتێكی هەواڵگرییانەی هەیە .

سەرچاوە هەواڵگرییە عێراقییەكە بەدووری زانیوە ئەو برایەی بەغدادی لەڕێگای قاچاخچییەوە چووبێتە ناو خاكی توركیا، بەڵكو زیاتر ئەگەری هەیە بەشێوەیەكی ئازاد و بەشێنەیی گەشتی توركیای كردووە .

بەقسەی سەرچاوە عێراقییەكە ، براكەی بەغدادی لەشاری ئەستەنبوڵ چاوی بەكەسێك كەوتووە، ئەو كەسەش سیخورەكەی هەواڵگری عێراقی بینیوە و پەیوەندیان هەبووە .

سیخورەكەی هەواڵگری عێراقی چاوی بەو نێردەیە كەوتووە، كە پۆستەكانی رادەستی كەسێكی نێوەندگیر دەكرد تا ئەویش پۆستەكان بگوازێتەوە بۆ براكەی بەغدادی، ئەویش بیانگوازێتەوە بۆ باكووری سوریا و بۆبن دەستی ئەبوبەكر بەغدادی ڕێبەری ڕێكخراوی داعش.

رۆژنامەی "زە ناشیۆناڵ" لەسەر زاری بەرپرسێكی گەورەی پێشووی ناو سوپای توركیاوە گواستوویەتییەوە، كە ئەستەمە توركیا ئاگاداری جێگای بەغدادی نەبووبێت، كە تەنیا چەند كیلۆمەترێك لە سنووری توركیاوە دوور بووە .

لەدوای پرۆسەی كوشتنی بەغدادی رەخنەیەكی زۆر لە توركیا گیرا، بەجۆرێك بریك ماكگۆرگ نێردەی پێشووی ئەمەریكا لەهاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بە رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی رایگەیاندووە، سوپای ئەمەریكا پرۆسەی كوشتنی بەغدادی لەخاكی عێراقەوە دەستپێكرد، لەكاتێكدا دەیتوانی ئەوە لە دامەزراوە سەربازییە نزیكەكانی توركیاوە بكات، بەڵام ئەوە بەئاشكرا ئەوە دەردەخات، كە واشنتۆن متمانەی بە توركیا نەبووە.

ئەحمەد یایلا ، بەرپرسێكی پێشووی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری توركیا بووە، كە ئێستا توێژەرە لە بەرنامەیەكی زانكۆی جۆرج واشنتۆن دەربارەی توندرەوی پێیوایە پۆلیس و هەواڵگری توركیا وەك هەڕەشە سەیری داعش ناكەن ، بەڵام ئەردۆغان دەیەوێت وا خۆی نیشان بدات كە رووبەڕووی داعش دەبێتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی