بەشێك لە بەرپرسانی گۆڕان لەگەڵ تێپەڕاندنی یاسای چاكسازی نین

کوردستان

10/11/2019‌ 1645 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەشێك لەبەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ تێپەڕاندنی یاسای چاكسازی نین، بەتایبەتی بەو شێوەیەی ئێستا ئامادەكراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، لەكۆبوونەوەی رۆژی شەممەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا راپۆرتێك لەبارەی یاسای چاكسازی خوێنراوەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان راپۆرتەكە لەلایەن عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان خوێنراونەتەوەو هیچ گفتوگۆیەكی لەسەر نەكراوە.

لەبارەی ئەوەی بۆچی گفتوگۆ لەسەر لەئەو پرۆژە یاسایە نەكراوە، سەرچاوەكە وتی: بەشێك لەبەرپرسانی گۆڕان لەگەڵ تێپەڕاندنی یاسای چاكسازی نین، بەتایبەتی بەو شێوەیەی ئێستا كاری لەسەر دەكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، گۆڕان بەمەرجێك بەشداری لەحكومەتی هەرێم كرد، یاسای چاكسازی بەزووترین كات لەپەرلەمانەوە تێپەڕێنرێت، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێك لەو بارەوە نەنراوە.

سەرچاوەكە وتیشی: یاساكە لەبەرژەوەندی ئەو بەرپرسانەی گۆڕان نییەو ئیمتیازاتەكانیان دەبڕێت، بۆیە لەگەڵ تێپەڕاندنی نین.

پێشتریش عەلی حەمەساڵح لەبارەی یاساكە نووسیبووی: لە ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت كاری لە پێشینەبوو، لە كارنامەی حكومەت یەكەم خاڵ بوو، ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی یەكەمی كاركردنی بڕیاری لێدا، بەڵام بەهۆی هەندێك لێكتێنەگەیشتن و كۆبوونەوەكان دواكەوت، ئێستا سەرۆكایەتی حكومەت بڕیاریداوە لەزووترین كاتدا ڕەوانەی پەرلەمانی بكات.

عەلی حەمەساڵح ئەوەشی نووسیبوو، كە لەبری دژایەتی و قسەكردنی توند لەسەر دواكەوتنی پرۆژەكە، كە ڕەنگە ببوایەتە هۆی لەباربردنی، بە هەموو توانا هەوڵماندا بۆ سەرخستنی پرۆژەی چاكسازی، چاوەڕێی ئەنجامین لەم مانگەدا.

هەروەها ئەوەشی نووسیوە: ئێمە بە نووسراو و لە كۆبوونەوەش سەرنجی خۆمان بۆ چاكسازی گشتگیرو دەوڵەمەندكردنی پرۆژەكە خستووەتەڕوو، لەگەڵ چاكسازی لە خەرجی و موچە چاكسازی لە نەوت و باج و گومرگ بە پێیویست دەزانین، كە ئێستا گەندەڵی ڕێكخراو هەیەو مانگانە چەندین ملیۆن دۆلاری خەڵك بۆ چەند كەسێك دەڕوات.

هـ ـ ح