كەمترین موچەی خانەنشینی لەعێراق دەبێت بە ٦٠٠ هەزار دینار

جیهان

10/11/2019‌ 2436 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووەم خوێندنەوەی بۆ پرۆژە یاسای خانەشینی یەكگرتوو كرد و بۆ پەسەندكردنیشی دەرگای گفتوگۆی كردووەتەوە، بەشێوەیەك بەپێی یاساكە كەمترین موچەی خانەنشینان دەبێتە ٦٠٠ هەزار دینار .

محەمەد كەریم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح بە ئاژانسی "مەعلوومە"ی راگەیاندووە، ئەنجوومەنی نوێنەران كۆتایی بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای خانەنشینی یەكگرتوو هێنا، پێش دەنگدان لەسەریشی دەرگای گفتوگۆ كراوەتەوە.

كەریم راشیگەیاندووە، كە بەپێی یاساكە كەمترین موچەی خانەنشینی بە ٦٠٠ هەزار دینار دیاریكراوە و هەركەسێكیش ١٥ ساڵ خزمەتی لەدامودەزگاكانی دەوڵەت هەبێت مافی ئەوەی دراوەتێ داوای خانەنشین بوون بكات، بەو مەرجەی تەمەنی لە ٤٥ ساڵ كەمتر نەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە چەند بڕگەیەك لەناو پرۆژە یاساكەدا هەبوو جێگای ناكۆكی و راجیایی پەرلەمانتاران بووە، وەك ئەوەی ئایا فەرمانبەرانی دەزگا هەڵوەشاوەكانی رژێمی پێشوو موچەی خانەنشینی دەیانگرێتەوە یان نا .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی