ئیسرائیل هاوكاری كوردەكانی سوریا تا پێكهێنانی دەوڵەتێكی سەربەخۆ دەكات

کوردستان

10/11/2019‌ 7025 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"ئیسرائیل ئاماژە بەپێكهێنانی هاوپەیمانییەكی فراوان لەگەڵ كوردەكان دەكات"، ناونیشانی راپۆرتێكی گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا)یە، كە دەربارەی ئەوەی لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدایە هاوكاری كوردەكانی سوریا بكات تا ئەو رادەیەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ پێكدەهێنن بڵاویكردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، چارەنووسی پێكهاتە كوردییەكان لە باكوری سوریا بووەتە رەگەزێك لە رەگەزەكانی ململانێی سیاسی لەناوخۆی ئیسرائیلدا. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، پەرلەمانی ئەو وڵاتە لۆمەی حكومەتەكەیان دەكەن بەوەی گرنگی بە كەمینەیەكی ئیتنی نادەن، كە پارێزگار دەبێت لە رەگەزێكی پشتیوانی بۆ رۆژئاوا لەرۆژهەلاتی ناوەڕاستدا. 

پێش ئەوە جێگری وەزیری دەرەوە (تسیبی هوتوفلی) وەڵامی مەترسییەكانی ئەندامانی پەرلەمانی داوەتەوە، ئەوانەی باسیان لەهاوكاری ئیسرائیل كردووە بۆ كوردەكان لە رێگەی چەندین كەناڵەوە. 

بەگوێرەی قسەی ناوبراو دەوڵەتی یەهودی دەستی بە یارمەتیدانی ئەو كۆمەڵە ئیتنیە كردووە لە پاش ئەوەی یەكەكانی سوپای ئەمریكا باكووری ئەو وڵاتەیان بە جێهێشتووە.

حكومەتی ئیسرائیل، لەناو خۆدا رووبەرووی فشارێكی گەورە بووەتەوە، لە ئۆكتۆبەردا، ژمارەیەك سەربازی یەدەگ لە سوپای ئیسرائیل داوایەكیان پێشكەشی بنیامین ناتانیاهۆ و سەرۆكی ئەركانی گشتی ئەفیف كوخافی كرد، تێیدا ئاماژەیان بۆ ئەوە كردبوو ناكرێ ئیسرائیلییەكان بەبێ لایەنی تەماشای ئەوە بكەن میللەتێكی تر بەبێ پارێزگاری لێكردنی هاوپەیمانەكانیان جێبهێڵرێن.

سەرەرای ئەوەش، ئیسرائیل دژی ئەو بیرۆكەیە نییە، كە پێویستە كوردەكان دەوڵەتێكی سەربەخۆیان هەبێت. وەزیری دادی پێشوو (ئیلیت شاكید) لە مانگی ئۆكتۆبەردا وتی: دەركەوتنی دەوڵەتێكی نوێ لە باكووری سوریا لە بەرژەوەندی هەر یەك لە ئیسرائیل و ئەمریكادایە.

تا ئەوە، دەكرێت پشتیوانی ئیسرائیل بۆ كوردەكان هێزێكی فشار بێت لەسەر توركیا، كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ تەل ئەبیب بەرەو ئاڵۆزی چووە، بەڵام ئەوەی زیاتر ئێستا هۆكارێكی كاریگەرە بریتییە لە پەیوەندییە باشەكانی لەگەڵ ئەمریكا. 

لەو بارەیەوە، شرۆڤەكار لە كاروباری كورد ڤلادێمیر ویلگنبرگ و نووسەری كتێبی (كوردەكانی باكووری سوریا) دەڵێت: ئیسرائیل نایەوێت كوردەكان ببنە ئامانجی هێرشەكانی توركیا، ئەمەش لە رووی كردارییەوە دەبێتە هۆی رێككەوتن لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و دیمەشق. 

هەروەها دەڵێت: گەڕانەوەی باكووری سوریاش بۆ ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیلدا یەكناگرێتەوە، بۆیە ئیسرائیل لەوە دەترسێت ئەمە ببێتە هۆی بەهێزبوونی دۆخی ئێران و سوریا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا