كەناڵێكی كوردی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی بە بەهای ٤٣٠ دەفتەر دۆلار لەكۆمپانیایەكی توركی دەكڕێت

کوردستان

10/11/2019‌ 11667 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەكاتێكدا لە هەرێمی كوردستان هەڵمەتێكی فراوان بۆ بایكۆتكردنی كاڵاو فیلم‌و درامای توركی دەستیپێكردووە، بەڵام كەناڵێكی كوردی بڕی ٤٣٠ دەفتەر دۆلار دەداتە كۆمپانیایەكی توركی، ئەوەش لەبەرانبەر مافی بەخشكردنی بەرنامەیەك.

بەپێی زانیارییەكانی "شارپرێس"، كە لەسەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە كەناڵی "ئاڤا تی ڤی"، كە دەستە خوشكی كەناڵ 24و لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت پشتوانی دارایی دەكرێت، بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی بەناوی   The Legendلە كۆمپانیای (گۆڵۆباڵ ئەجێنسی) كڕیوە، كە بڕەكەی ٤٣٠ دەفتەر دۆلارە.

ئەو كۆمپانیایە سەر بە كەناڵی (تەرەتە) توركییەو بارەگاكەی لە شاری ئەستەبوڵە، كەناڵی ئاڤا تی ڤیش بەرنامەیەكی پێشبڕكێی لەو كۆمپانیایە كڕیوەتەوە.

كڕینی ئەم بەرنامەیەو بەو بڕە پارەیە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵمەتێكی فراوانی بایكۆتكردنی كاڵاو فیلم‌و دراماو كارە هونەرییەكانی توركیا لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، كە بەپێی ئامارەكان لە ٩ی مانگی رابردووەوە تائێستا نزیكەی لە ٤٠%ی دانیشتوانی هەرێم بایكۆتی كاڵای توركیان كردووە.

لەلایەكی تریشەوە  بەگوێرەی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكراوەی ھەولێر لەسەر داوای وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ژمارە 123 لە 15/9/2019 سەبارەت بە پەخشكردنی دراما دۆبلاژكراوەكان، كە زیاتر مەبەستی دراما توركییەكانە، لەگەڵ ئادابی كوردەواری ناگونجێت، بووەتە ھۆی زیادبوونی رێژەی تەڵاق، بۆیە پێشنیازیكردوە سنوردار بكرێن.

هاوكات سەرچاوەیەك لەو كەناڵەوە ئەوەی پشتڕاستكردەوە، كە بەرنامەكە كڕاوە، بەڵام بێ ئاگایی خۆی لەوە نیشاندا، بەرنامەكە بەچەند و لە چی كۆمپانیایەك كڕدراوە.

شارپرێس هەوڵی زۆریدا پەیوەندی بە بەرپرسانی كەناڵەكەوە بكات بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی ئەوان، بەڵام وەڵامی نامەكان و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیان نەدایەوە، هەروەها لەرێگایەكی ترەوە پەیوەندی بە كەناڵەكەوە كرا، بەڵام بەبیانووی ئەوەی بەرێوەبەری كەناڵەكە لەگەشتە نەیانویست هیچ قسەیەك لەسەر ئەو بابەتە بكەن.

لەدوای ساڵی ٢٠٠٦ وە پەیوەندییەكی كارا لە بواری فیلم و دراما، هەروەها كارە هونەرییەكان لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەستیپێكرد، بەڵام ئەو پەیوەندییە تەنیا بواری هونەری نەگرتەوە، بەڵكو زۆربەی زۆری كەناڵە كوردییەكانی هەرێم كەرەستەو ئامێرەكانی كەناڵەكانیان لە توركیا كڕیوە.

هەروەها بەشێك لە بیرۆكەی بەرنامەو پرۆگرامە تەلەفزیۆنییەكانی هەرێم لە كۆمپانیا تایبەتمەندییەكانی توركیاو كەناڵەكانی ئەو وڵاتە كڕدراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێك لە كەناڵەكانی هەرێم گرێبەستیان لەگەڵ كەناڵ و میدیاكانی توركیا هەیە بۆ وەرگرتنی زانیاری و بابەتی رۆژنامەوانی بۆ ئەوەش پارەیەكی زۆر دەدرێتە میدیاكانی توركیا.

بەشێك لە رۆژنامەنوسان و چاودێرانی سیاسی و هاوڵاتیانیش داوا دەكەن وەك چۆن كاڵای توركی بایكۆتكراوە بەهەمان شێوە كەناڵەكانی راگەیاندنیش بایكۆتی دراما و فیلم و بابەتەكانی دیكەی توركیا بكەن، داواش دەكەن هیچ گرێبەستێك بۆ كڕینی كەرەستەی كەناڵ و بیرۆكەی پرۆگرام لەو وڵاتە نەكڕدرێت.

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس بڕیارە بەم نزیكانە سەرمایەدارێكی توركیا گەورەترین كەناڵی تەلەفزیۆنی هونەری بۆ هونەرمەندان لە هەرێمی كوردستان بكاتەوەو گەورەترین هۆڵی كۆنسێرتیش لە هەولێر دروست بكات.

لەئێستاشدا لە زۆرێك لەكەناڵ و تەلەفزیۆنەكانی هەرێم بەتایبەت كەناڵە "تەرفیهی"یەكانەوە ئەو پڕۆگرام و بەرنامانە پێشكەش دەكرێن كە بە بەپارەی زۆر لە كۆمپانیا تایبەتمەندەكانی بەو بوارە لە توركیا كڕدراون.

لەگەڵ ئەوانەشدا زۆربەی كەناڵە تەرفهییەكان شێوازی ڕازاندنەوەو دیكۆری بەرنامەكانیان هەمان دیكۆرو بەرنامە توركیییەكانن، هاوكات بەشێك لە كادیرو كارمەندەكانی ئەو كەناڵانە لە توركیاوە دەهێنرێنە هەرێم بەبێ ئەوەی دەستی ناوخۆیی فێر بكەن تەنیا خۆیان ئەو پرۆگرام و بەرنامە تەلەفزیۆنیانە لەناو دەزگاكانەوە لەرووی تەكنیكییەوە بەڕێوە دەبەن.

بەپێی ئامارێكی حكومەتی توركیا داهاتی فرۆشتنی بیرۆكەو بەرنامە تەلەفۆزیۆنیەكانیان بە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و بە هەرێمی كوردستانیشەوە گەیشتووەتەوە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا، هەروەها داهاتی فیلم و دراما توركییەكانیشیان لە ساڵێكدا گەیشتووەتە نزیكەەی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئێستا هێرشێكی بەرفراوانی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی رۆژئاوای كوردستان هەیەو بەشی زۆری خاكی رۆژئاوای داگیركردوەو رۆژانە هاوڵاتیانی كورد شەهید دەبن و ئاوارە دەبن، بەڵام كەناڵ و كۆمپانیا كوردیەكان بە گرێبەست و كاركردنیان لەگەڵ كۆمپانیاو كەناڵە توركییەكان بە سەدان هەزار دۆلار دەچنە بازاڕی توركیاوە.

لە هەرێمی كوردستانەوە چەندین گروپ و دەستە پێكهاتووە، كە هەڵمەتی بایكۆتكردنی هەموو مامەڵەیەك دەكەن، كە پارە لە هەرێمی كوردستانەوە پارە بخاتە بازاڕو خەزێنەی توركیاوە، لەئیستادا لەسەر ئاستی كڕینی كاڵاو كەلوپەلی بازرگانی ئەو هەڵمەتە چووەتە پێشەوە، بەڵام لەبوارەكانی تردا هێشتا پەیوەندی لەگەڵ كۆمپانیا توركیەكان بەردەوامە.

بەپێی ئامارێكی حكومەتی هەرێم لەكۆی ٣٠٠٠ هەزار كۆمپانیای بیانی، كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، ١٣٥٠ كۆمپانیایان توركین  كە لە بواری جۆراو جۆردا كار دەكەن و ساڵانە داهاتێكی بێشورمایان لە هەرێم دەست دەكەوێت.

س ، هــ

بەپەلە