دۆزینەوەی ئێسكی ئاژەڵێك كە ١٤٠ سەدە پێش ئێستا ژیاوە

جیهان

11/11/2019‌ 660 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زانا شوێنەوارناسەكان لەوڵاتی مەكسیك ٨٠٠ ئێسكی ئاژەڵی ماموسیان دۆزیوەتەوە، كە نزیكەی ١٤٠ سەدە پێش ئێستا ژیاون، دۆزینەوەكەش بە گەورەترین دۆزینەوەی لەو جۆرە هەژمار دەكەن.

"ماموس" لە ئاژەڵە شیردەرەكان بووە و تاراددەیەكی زۆر لە شێوەدا لە فیل چووە، پێش ئەوەی قڕانی تێبكەوێت لەناوچەكانی ئەوروپا و هەردوو ئەمەریكاكە ژیاوە .

ئاژانسی "فرانس پرێس" لە زاناكانی پەیمانگای مەكسیكی تایبەت بە بەردبووەكان گواستوویەتییەوە، كە وتوویانە: ئەو ئێسكانەی لەناوەراستی مەكسیك دۆزراونەتەوە هی ١٤ ماموس بووە .

ئەوە یەكەم دۆزینەوەی لەو جۆرە نییە، بەڵكو لە ساڵی حەفتاكانی سەدەی رابردوو لەكاتی بنیادنانی میترۆیەك لە مەكسیك پاشماوەی ماموسێك لە باكووری پایتەختی ئەو وڵاتە دۆزرایەوە .

هەندێك لە لێكۆڵینەوەكان هۆكاری نەمانی ماموسەكان بۆ راوكردنی بێویژدانانەی ئەو ئاژەڵە لەلایەن مرۆڤەكانەوە دەگێڕنەوە، لەكاتێكدا هەندێكی تر دەڵێن بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەواوە لەناوچوون.

بەڵام ژمارەیەك شیكردنەوەی تایبەت بە كاربۆنی تێری ئێسكی ماموسەكان ئەوەی سەلماندووە مرۆڤ هیچ دەستێكی نەبووە لە قڕانتێكەوتنی ئەو ئاژەڵە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی