ئەبو عەتا.. ئەو سەركردە فەڵەستینییەی ئیسرائیل بەموشەك كوشتی

جیهان

13/11/2019‌ 1429 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناوی ئەبو عەتا فەرماندەی سەربازی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بەهۆی ئەو راپۆرت و شیكردنەوانەی ئیسرائیل دەركەوت لەدوای ئەوەی هەڕەشەی تیرۆركردنی كرد و بزووتنەوەی جیهادیش لەو بارەیەوە هۆشداری وەرگرت.

چەند رۆژێك پێش ئێستا رۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی راپۆرتێكی لەژێر ناوی "ترسناكترین كەسایەتییەكان لەسەر ئیسرائیل: نەسروڵلا، سلێمانی‌و ئەبوعەتا" بڵاوكردەوە، كە تێیدا باسی لەوە كردبوو حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری حیزبوڵلای لوبنان و قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ئەبو عەتا فەرماندەی باڵی سەربازی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی ترسناكترین كەسن لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل.

لەبارەی ئەبو عەتاوە رۆژنامەكە نووسیبووی، بەها ئەبو عەتا فەرماندەی سەرایای قودس لەكەرتی غەززە، گەورەترین بەرپرسی سەربازییە لەكەرتی غەززە، لەگەڵ ئەوەی بزووتنەوەی جیهاد بزووتنەوەیەكی سوننییە، بەڵام پشتیوانییەكی بێسنووری لەلایەن ئێرانەوە لێدەكرێت، ئەو كەسە یەكێكە لەگەورەترین لایەنگرانی ئێران لە كەرتی غەززە.

هەروەها رۆژنامەكە لەسەر زاری بەرپرسە سەربازییەكانی ئیسرائیلەوە گواستوویەتییەوە، كە ئەبو عەتا بەشداری لەو پلانانە كردووە دانراون بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل و سەرپەرشتی دروستكردنی چەكو تەقەمەنی و بەهێزكردنی توانا مووشەكییە دوورمەوداكانی كردووە، لای هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل وەك رەگەزێكی گرژكردنی دۆخەكە سەیری كراوە.

رۆژنامەكە لێدوانی رۆنین منلیس وتەبێژی سوپای ئیسرائیلی هێناوەتەوە، كە رایگەیاندووە، دەیان وڵات هەن دەیانەوێت دۆخی مرۆیی كەرتی غەززە باش بكەن، بەڵام لەهەمان كاتدا لەناو غەززە (ئەبو عەتا) و كەسێكی تر لەدەرەوەی كەرتی غەززە (زیاد نەخخالە ئەمینداری گشتی جیهادی ئیسلامی) دەیانەوێت ئەو هەوڵانە لەبار بەرن.

هاوكات بەرپرسێكی سەربازی ئیسرائیلی بە ئۆرشەلیم پۆستی راگەیاندووە، ئەبو عەتاش وەك قاسم سلێمانی و حەسەن نەسروڵڵا وایە و لەچەندین هەوڵی تیرۆركردن دەربازی بووە، لەوانە یەكێكیان لەساڵی ٢٠١٢، بەردەوامیش ئیسرائیل بەرپرسیاری ئەوەی لە ناوچەكە روودەدات خستووەتە ئەستۆی بزووتنەوەی حەماس و هەڕەشەی ئەوەی كردووە، كە رۆژێك دێت تۆڵە لە جیهادی ئیسلامی و ئەبو عەتا دەكاتەوە.

لای خۆشییەوە رۆژنامەی "ئیسرائیلی ئەمرۆ" بڵاویكردەوە، كە لەگەڵ ئەوەی شیكەرەوە سەربازییەكانی ئیسرائیل پێیان وایە ئەبو عەتا دیارترین فەرماندەی جیهادی ئیسلامییە لە كەرتی غەززە و ئەو بەرپرسە لە گرژكردنی دۆخەكە، بەڵام پرسیاری ئەوەیان نەكردووە، كە چی شتێك پاڵی پێوەناوە مووشەك ئاراستەی ئیسرائیل بكات.

هەروەك كەناڵی دووی ئیسرائیلی باسی لەوە كردووە، كە ئەبو عەتا خاوەن بڕیار بووە لە ئاراستەكردنی موشەك بەسەر نیشتەجێگە ئیسرائیلییەكانی باشوور، هەروەها روونیكردووەتەوە ئیدارەی ئەمەریكا چەندین سزای بەسەر ئەو كەسەدا سەپاندووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی